ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ناوەندەکانی فەرماندەیی سەر بە هێزی قودس، لقی دەرەکیی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە بەیرووت کردووەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی.
لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی شەممە ١٥ی خاکەلێوە بڵاوکرایەوە، ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئەم هێرشانە ڕۆژێک پێشتر و لە ڕۆژی هەینی ئەنجام دراون.
بەپێی بەیاننامەکە، ئەو ئامانجانەی پێکراون سەر بە "یەکەی لوبنان"ی هێزی قودس بوون، کە بە وتەی ئەرتەشی ئیسرائیل "وەک ئەڵقەی پەیوەندی نێوان حیزبوڵڵا و ڕێژیمی ئێران کار دەکات و پشتگیری لە بەهێزکردن و جێگیرکردنی سەربازیی ئەم گرووپە دەکات."
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە لە پێیتەختی لوبنان، دوو ناوەندی فەرماندەیی سەر بە "جیهادی ئیسلامیی فەلەستین"یش کراونەتە ئامانج.
بە وتەی ئەرتەشی ئیسرائیل، ئەم ناوەندانە لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئەو ڕێکخراوەوە بۆ بڕیاردان و هەماهەنگی لەگەڵ حیزبوڵڵا بەکارهێنراون.
هەروەها ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێزی دەریایی ئەو وڵاتە بنکەیەکی چاوەدێریی سەر بە حیزبوڵڵای پێکاوە.