لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دەروازەیەکی بازرگانی لە سنووری نێوان ئێران و عێراق، کەسێک کوژرا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی نێوخۆی ئێران، بەیانیی ڕۆژی شەممە ١٥ی خاکەلێوە، دەروازەی سنووریی "شەلمەچە" لە شاری خوڕەمشار کەوتە بەر هێرشی فڕۆکە شەڕکەرەکان.
بەرپرسانی نێوخۆیی ڕایانگەیاندووە کە لەم بۆردومانەدا شۆفێرێکی عێراقی کوژراوە و دوو کرێکاری ئێرانیش بریندار بوون.
لە کاردانەوە بەم هێرشەدا، حکوومەتی عێراق ڕایگەیاندووە کە سەرجەم هاتوچۆیەکی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەی شەلمەچەوە بۆ کاتێکی نادیار ڕاگرتووە و گەمارۆی خستووەتە سەر ئەو سنوورە.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، وێنە و ڤیدیۆی کاروانە سەربازییەکانی گرووپی "حەشدی شەعبی" لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای خوزستان و نێوان ئێران و عێراق بڵاو ببووەوە، کە دەریدەخست ڕێژیمی ئێران ئەم دەروازانە بۆ گواستنەوەی چەک و هێزە میلیشیاکانی بەکار دەهێنێت.