کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داڕمانی توانای کڕینی خەڵک؛ هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە ئێران گەیشتە ٧١.٨ لەسەد

12:09 - 12 خاکەلێوه 2726

ناوەندی ئاماری ئێران لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە پێوەری نرخی بەکارهێنەر لە ڕەشەمەی ١٤٠٤دا ڕایگەیاندووە کە هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ گەیشتووەتە ٧١.٨ لەسەد و ئاستی گشتیی نرخەکان بە بەراورد بە ساڵی بنەڕەتی (١٤٠٠)، ۵.۴۲۳ قات بەرز بوونەتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هەڵاوسانی ساڵانە گەیشتووەتە ٥٠.٦ لەسەد کە بە بەراورد بە مانگی پێشوو زیادی کردووە و لەم نێوەدا، گرووپی خۆراک، خواردنەوە و تووتن زۆرترین گەشەیان بەخۆوە بینیوە و هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی ئەم کەرتە گەیشتووەتە ١١٢.٥ لەسەد.

لە ژێرگرووپە خۆراکییەکاندا، کەرەستەگەلێکی وەک ڕۆن و چەورییەکان بە ٢١٩ لەسەد، نان و دانەوێڵە بە ١٤٠ لەسەد و گۆشت بە ١٣٥ لەسەد، زۆرترین بەرزبوونەوەی نرخ و گەشەیان بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو تۆمار کردووە.

هەروەها ڕاپۆرتی ناوەندی ئامار نیشانی دەدات کە هەڵاوسان لە ناوچە گوندنشینەکاندا بە ٨٦.٥ لەسەد، لە ناوچە شارنشینەکان زیاتر بووە و جیاوازیی هەڵاوسان لە نێوان چینە جیاوازەکانی داهاتیشدا زیادی کردووە.

بەردەوامیی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و گرانی، لەپاڵ زیادبوونی بێکاری و دۆخی شەڕدا، گوشارێکی یەکجار زۆری خستووەتە سەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی کاڵا سەرەکییەکان و کەمبوونەوەی هەلی کار، بووەتە هۆی ئەوەی توانای کڕینی بنەماڵەکان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێت و بەشێکی گەورەی کۆمەڵگا ڕووبەڕووی کێشەی دابینکردنی بژێوی ژیان ببنەوە.