دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، جارێکی دیکە مۆڵەتە دە ڕۆژییەکەی وەبیر تاران هێنایەوە و ڕایگەیاند ئەگەر ڕێژیم مل بۆ ڕێککەوتن نەدات، ڕووبەڕووی هێرشێکی وێرانکەر دەبێتەوە.
ڕۆژی شەممە ١٥ی خاکەلێوە، دۆناڵد ترامپ لە پەیامێکی کورتدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشاڵ" (Truth Social)، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ڕێژیمی ئێران کرد و نووسی: "بیرتانە کە مۆڵەتی دە ڕۆژم بە ئێران دا بۆ ئەوەی ڕێککەوتن بکات یان گەرووی هۆرمۆز بکاتەوە؟ کات بەرەو تەواوبوون دەچێت؛ تەنیا ٤٨ کاتژمێری دیکە ماوە تا دۆزەخی تەواو بەسەریاندا ببارێت."
ئەم هەڕەشەیەی ترامپ لە کاتێکدایە کە ناوبراو پێشتر لە شەوی ٦ی خاکەلێوەدا ڕایگەیاندبوو، لەسەر داوای ڕێژیمی ئێران، هێرشکردنە سەر وێستگەکانی ئێرانی بۆ ماوەی دە ڕۆژ دواخستووە. بەپێی ئەم خشتە کاتییە، تاوەکوو ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خاکەلێوە، کاتژمێر ٨ی شەو بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا، مۆڵەتەکە کۆتایی دێت.
سەرۆککۆماری ئەمریکا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاستی هەڕەشەکانی بەرزتر کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی کۆتایی بە شەڕ نەهێنێت و گەرووی هۆرمۆز بە بێمەرج نەکاتەوە، ئەمریکا وێستگەکانی ئەو وڵاتە "تێک دەشکێنێت" و ئێرانیش دەگەڕێنێتەوە بۆ "سەردەمی بەردین".
شارەزایان پێیان وایە ئەم ٤٨ کاتژمێرە چارەنووسسازترین کات دەبێ بۆ ڕێژیمی ئێران، چونکە یان دەبێت پاشەکشە بکات یان ڕووبەڕووی هێرشێکی سەربازیی بەربڵاو ببێتەوە کە ژێرخانە ستراتیژییەکانی دەکاتە ئامانج.