کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر چەندین شاری ئێران

10:21 - 16 خاکەلێوه 2726

شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە ١٦ی خاکەلێوە، زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز و هێرشی ئاسمانی چەندین پارێزگا و شاری جیاوازی ئێرانی هەژاند، کە تێیدا دەنگی فڕۆکەی شەڕکەر لە ئاسمانی تاران، کەرەج، ئەسفەهان و شیراز بیستراوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ناوچەی پیشەسازی پێترۆشیمی ماهشەهر لە پارێزگای خوزستان قورسترین زیانی پێگەیشتووە و بووەتە هۆی کوژرانی پێنج کەس و برینداربوونی ١٧٠ کەسی دیکە، هاوکات دەروازەی سنووری شەڵەمچەش زیانی زۆری بەرکەوتووە.

لە پارێزگای هۆرمۆزگان، چەندین ناوچەی ستراتیژی وەک کارگەی چیمەنتۆی بەندەر خەمیر، کۆگایەکی برنج و چەندین بەلەمی ماسیگری کراونەتە ئامانج.

سەبارەت بە دۆخی وێستگەی ئەتۆمی بوشێهر، هەرچەندە بەرپرسانی نێوخۆیی باس لە بەردەوامیی کارەکانی دەکەن، بەڵام شیرکەتی ڕووس‌ئەتۆم نزیکەی ٢٠٠ کارمەندی خۆی لە وێستگەکە کشاندووەتەوە و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش کوژرانی پاسەوانێکی وێستگەکەی بەهۆی بەرکەوتنی ترکشەوە پشتڕاست کردووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، لە پارێزگاکانی ئیلام و قومیش چەندین خاڵی پیشەسازی و کشتوکاڵی لە مێهران و چوار کراونەتە ئامانج

هلال ئەحمەدی ئێرانیش لیستێکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا ئاماژە بە هێرش بۆ سەر چەندین شوێن لە تاران دەکات، لەوانە دەوروبەری جەماران و زانکۆی شەهید بەهەشتی.

لە دوای دەستپێکی شەڕەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل بە شێوەیەکی سیستماتیک و بەردەوام بنکە سەربازی و دامەزراوە ستراتیژییەکانی ڕێژیمی ئێرانیان کردووەتە ئامانج. ئەم هێرشانە کە بە ئامانجی لاوازکردنی تواناکانی تاران ئەنجام دەدرێن، بەشێکی زۆری ژێرخانی سەربازی و ئابووریی ڕێژیمیان خاپوور کردووە