کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆیتێرز: بەرنامەی ناوکیی ئێران وەک هەڕەشە ماوەتەوە

09:44 - 15 بانەمەڕ 2726

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە زاری سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا نووسیویەتی، سەرەڕای هێرشە سەربازییەکانی دوو مانگی ڕابردوو، توانای بنەڕەتیی ڕێژیمی ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە. ئامارەکان دەری دەخەن ئەگەر تاران بڕیاری سیاسی بدات، هێشتا ساڵێکی پێویستە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم.

"ڕۆیتێرز" ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر جەختیان لەسەر لەنێوبردنی ژێرخانی سەربازیی کلاسیکی ئێران کردووەتەوە.

بەرپرسانی کۆشکی سپی پێیان وایە بە تێکشکاندنی سیستمی بەرگریی ڕێژیم، ئەو قەڵغانە پارێزەرەیان لەنێو بردووە کە تاران بۆ پاراستنی دامەزراوە ناوکییەکانی بەکاری دەهێنا.

هاوکات نیگەرانییەکان سەبارەت بە ٤٤٠ کیلۆگرەم ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ٦٠ لەسەد بەردەوامە کە پێدەچێت لە تونێلە قووڵەکانی ئیسفەهان حەشار درابن. بەهۆی دەستڕانەگەیشتنی مووشەکەکان بەو شوێنانە، واشنگتۆن بژاردەی ئۆپەراسیۆنی زەوینی بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو ماددانە تاوتوێ دەکات.

ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە ئێران بە داخستنی گەرووی هۆرمۆز قەیرانێکی جیهانیی وزەی خوڵقاندووە.

جی دی وێنس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاندووە ئامانجی سەرەکییان ڕێگریکردنە لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکی، چونکە تاران دەیەوێت بە تێکدانی ئەمنییەتی کەشتیوانی، کات بۆ بەرنامە ناوکییەکەی بکڕێت.