قەیرانی ئابووری لە ئێران بە شێوەیەکی بێوێنە پەرەی سەندووە و هاووڵاتییان لەنێوان بەرداشی گرانیی سەرسوڕهێنەر و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکاندا دەچەوسێنەوە.
بەپێی زانیارییەکان، نرخی پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک خۆراک و دەرمان بە ڕادەیەک بەرز بووەتەوە کە زۆرینەی خەڵک توانای کڕینیان نەماوە؛ بۆ نموونە نرخی هەندێک جۆری دەرمانی پێویست وەک "ئەنسۆلین" زیاتر لە سێ هێندە گران بووە و زۆرێک لە دەرمانە سەرەتایییەکانیش لە بازاڕدا دەست ناکەون.
لە لایەکی دیکەوە، پچڕانی بەردەوامی ئینتێرنێت و سنووردارکردنی هێڵەکانی گەیاندن، بووەتە هۆی تێکچوونی بەشێکی بەرچاو کاروباری ڕۆژانە و سەرچاوەی بژێویی هەزاران بنەماڵە. بەهۆی ئەم پچڕانەوە، کاروکاسبییە ئۆنلاینەکان، مامەڵە بانکییەکان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەتەواوی پەککەوتوون.
هاوکات لەگەڵ ئەم قەیرانە نێوخۆییانە، کەرتی پیشەسازییش بەرەو داڕمان دەچێت؛ کرێکارانی چەندین کارخانەی گەورە ماوەی چەندین مانگە مووچەکانیان وەرنەگرتووە و تەنانەت بیمەی تەندروستییان لێ بڕدراوە. ئەمەش نیشانەی قووڵتربوونەوەی ئەو تەنگژە سیستماتیکییەیە کە تەواوی کایەکانی ژیانی لەو وڵاتەدا گرتووەتەوە.