ڕۆژنامەی "واڵستریت ژوورناڵ" لە زاری بەرپرسانی ئەمریکایی و بیانییەوە ڕایگەیاند، دۆناڵد ترامپ خەریکی پێداچوونەوەیە بۆ بژاردەی سەربازی دژی ئێران؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە لەنێو دەوڵەتەکەیدا لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ تاران ڕاوبۆچوونی جیاواز هەیە و چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا بڕیاری کۆتایی لەو بارەیەوە بدرێت.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ترامپ لەنێوان دوو بڕیاری دژبەیەکدا ماوەتەوە؛ لە لایەکەوە گوشار دەخرێتە سەری بۆ توندکردنەوەی هەنگاوەکان دژی تاران بەهۆی بەرنامە ناوکییەکەیەوە، و لە لایەکی دیکەشەوە دەیەوێت خۆی لە پەرەپێدانی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدوور بگرێت.
هاوکات هەندێک لە هاوپەیمانە سیاسییەکانی ترامپ داوای هێرشی خێرا دەکەن. لەم چوارچێوەیەدا، "لیندزی گراهام" داوای وەڵامێکی "گەورە، بەهێز، بەئازار و کورت" بۆ هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیمارات دەکات.
وێڕای ئەمانە، ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ترامپ لەم چەند ڕۆژەی دواییدا مەیلی بۆ دەسپێکردنی هێرشی سەربازی نەبووە، هەرچەندە بە توندی لە بەردەوامیی بنبەستی دۆسیە ناوکییەکەی ئێران ناڕازییە.