ڕۆژی دووشەممە، ١٤ی بانەمەڕی ١٤٠٤٥ی هەتاوی، بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆ لە نزیک گوندی "سوورێن"ی سەر بە شاری بانە، دایە "خەدیجە ویسی"، هاوسەری شەهیدێکی کوردستان، ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە خەدیجە، کچی کاک محەممەد ویسی و خەڵکی گوندی "یاکووباوا" بوو. ناوبراو هاوسەری شەهید حەمەڕەشید حوسێنی"، خەڵکی گوندی شەهیدپەروەری "قایبەرد" بوو کە لە بەهاری ساڵی ١٣٥٩ی هەتاویدا و لە سەرهەڵدانی بەرگریی نیشتمانیدا، گیانی خۆی فیدای ئازادیی کوردستان کرد و تێکەڵ بە کاروانی نەمران بوو.
دایە خەدیجە وەک ژنێکی ژیر، نیشتمانپەروەر و تێکۆشەر دەناسرا؛ ئەو دوای شەهیدبوونی هاوسەرەکەی، بەوپەڕی فیداکاری و کەرامەتەوە ئەرکی پەروەردەکردنی شەش منداڵی شەهیدی گرتە ئەستۆ و وەک شاخێکی سەربەرز لە ئاست تەنگوچەڵەمەکانی ژیان ڕاوەستا.
ناوبراو هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی پیرۆزی شەهیدان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەفادار مایەوە و لەنێو خەڵکی ناوچەکەدا خاوەن ڕێز و پێگەیەکی تایبەت بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی کۆچی دوایی دایە خەدیجە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و خەڵکی ناوچەی بانە دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.