کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەرقاش: کۆماری ئیسلامی سەرچاوەی هەڕەشەیە بۆ ئەمنییەتی ناوچەکە

16:00 - 15 بانەمەڕ 2726

ڕۆژێک دوای هێرشەکان بۆ سەر ئیمارات، "ئەنوەر قەرقاش"، ڕاوێژکاری دیپلۆماسیی سەرۆکی ئەو وڵاتە، ڕێژیمی ئێرانی بە دەستدرێژیکار و بەرپرسی پەرەپێدانی قەیرانەکان لە کەنداو ناو برد.

ئەم هەڵوێستەی ئیمارات دوای ئەوە دێت کە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە، ڕێژیمی ئێرانیان لەو هێرشانەی کە ڕۆژی دووشەممە کرانە سەر بەندەری ستراتێژیی "فوجەیرە" و چەند شوێنێکی دیکەی ئەو وڵاتە بە بەرپرسیار لە قەڵەم دا.

قەرقاش لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "ڕێژیمی ئێران مەترسییە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە."

ناوبراو دەستخۆشی لە هاوسۆزیی وڵاتانی کەنداو و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە هێرشە دڕەندانەکانی ئێرانیان مەحکووم کردووە.

قەرقاش جەختیشی کردەوە کە ئەم هەڵوێستانە نیشانەی ڕەتکردنەوەی ڕەفتارە یاخیبووانەکانە و دەبێتە هۆی گۆشەگیرکردنی ئەنجامدەرانی.

ئەم لێدوانە توندانە لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکان لە گەرووی هۆرمۆز گەیشتوونەتە لووتکە و ڕێژیمی ئێران بە تێکدانی ئەمنییەتی کەشتیوانی و هەڕەشە لە هێزە نێودەوڵەتییەکان، ناوچەکەی ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی وزە و سەقامگیری کردووەتەوە، کە ئەمەش کاردانەوەی توندی وڵاتانی عەرەبی و ئەمریکای لێ کەوتووەتەوە.