قەیرانی ئابووری و بێکاری کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردووەوە (١٤٠٤) دەستی پێکردبوو، لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێ و سەرهەڵدانی دۆخی شەڕ و پچڕانی پەیوەندییە بازرگانییەکان، گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار. ئەم دۆخە بووەتە هۆی داخرانی بەشێکی زۆری کارخانەکان و دەرکردنی بەکۆمەڵی کرێکاران.
تەنیا لە شاری ڕەشت، لە ماوەی یەک بۆ دوو مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٢ هەزار کرێکار لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە. شیرکەتە گەورەکانی وەک ''پینک'' و ''پایا مۆدێرن'' کە سەدان کرێکاریان هەبووە، بەشێکی زۆری هێزی کارەکەیان ناردووەتەوە ماڵەوە، ئەمەش وەک نموونەیەکی بچووکی ئەو قەیرانە گەورەیە دەبینرێت کە بەرۆکی کەرتی پیشەسازی گرتووە.
لە ئاستی گشتیی ئێراندا، ئامارەکان تۆقێنەرن؛ نزیکەی ١٣٥ هەزار هەلی کار ڕاستەوخۆ بەهۆی شەڕەوە لەنێو چوون و یەک میلیون کەسیش لە بازاڕی کار چوونەتە دەرەوە. هەروەها نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەسی نوێ ناوی خۆیان بۆ وەرگرتنی بیمەی بێکاری تۆمار کردووە، ئەمەش گوشارێکی بێوێنەی خستووەتە سەر بژێوی ژیانی خێزانەکان.
ئەم شەپۆلە نوێیەی بێکاری لە کاتێکدایە کە ساڵی ڕابردووش کەرتی کار بەدەست دواکەوتنی مووچە و داخرانی یەکە بەرهەمهێنەرەکانەوە دەیناڵاند، بەڵام شەڕ و ناسەقامگیریی سیاسی، پڕۆسەی هەرەسهێنانی ئابووریی ئێرانی خێراتر کردووە.