کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەژاری و برسییەتی لە ئێران؛ سەبەتەی بژێوی گەیشتە ٧١ میلیۆن تمەن

16:02 - 15 بانەمەڕ 2726

ڕاپۆرتێکی نوێی هەواڵدەریی "ئیلنا" پەردەی لەسەر قەیرانێکی قووڵی مرۆیی و ئابووری لە ئێران لادا و ڕایگەیاند کە سەبەتەی بژێویی بنەماڵەیەکی کرێکاری گەیشتووەتە ٧١ میلیۆن و ٣٠٠ هەزار تمەن و مووچەی بنەڕەتیی کرێکاران تەنانەت توانای دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییە خۆراکییەکانیشی نەماوە.

بەپێی بڕیارنامەی مووچەی ساڵی ١٤٠٥، لانیکەم مووچەی مانگانەی کرێکارێک نزیکەی ١٦ میلیۆن و ٦٠٠ هەزار تمەنە.

بەپێی نرخی نوێی دۆلار کە لە بازاڕەکانی ئێراندا ١٨٦ هەزار تمەنی تێپەڕاندووە، مووچەی مانگانەی کرێکارێک لە ئێران دەگاتە کەمتر لە ٩٠ دۆلار.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە داڕمانی ڕیاڵ و بەرزبوونەوەی بێ‌وێنەی نرخەکانی کرێ خانوو و خۆراکی کراوە؛ بۆ نموونە نرخی یەک کیلۆ برنج گەیشتووەتە ٤٠٠ هەزار تمەن و گۆشتی سوور ٢ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار تمەنی تێپەڕاندووە.

چالاکانی کرێکاری هۆشداری دەدەن کە ئەم دۆخە بەرەو "ئەبەر قەیرانی بژێوی" دەچێت و لێکەوتەی مەترسیداری وەک بەدخۆراکی (سوءتغذیە) و هەڵوەشانەوەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە.

کۆماری ئیسلامی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم قەیرانە، پڕۆژەی "کارتی هیوای دایک"ی ڕاگەیاندووە کە مانگانە تەنیا ٢ میلیۆن تمەن بۆ دابینکردنی پێداویستیی کۆرپەکان تەرخان دەکات.

ئەم داڕمانە مێژووییەی هێزی کڕین لە سایەی سیاسەتە ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامیدا، ژیانی میلیۆنان بنەماڵەی بەرەو هەڵدێر بردووە.