کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیت هێگسێت: هەر هێرشێکی ڕێژیمی ئێران بە توندی وڵام دەدرێتەوە

16:04 - 15 بانەمەڕ 2726

پیت هێگسێت وەزیری شەڕی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی بانەمەڕ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و ڕایگەیاند کە هەر چەشنە هێرشێک بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان، وڵامێکی "وێرانکەر و کوشندە"ی واشنگتۆنی لێ دەکەوێتەوە.

ناوبراو جەختی کردەوە کە گەرووی هۆرمۆز ئاوێکی نێودەوڵەتییە و ڕێژیمی ئێران بۆی نییە باج و سەرانە لە کەشتییەکان وەربگرێت یان کۆنترۆڵی بکات.

وەزیری شەڕی ئەمریکا ئاماژەی بە دەسپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "پڕۆژەی ئازادی" کرد بۆ شکاندنی گەمارۆی سەر گەرووی هۆرمۆز و ڕایگەیاند کە هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ دابینکردنی ئەمنییەتی هاتوچۆی کەشتییەکان"چەترێکی پارێزەری" گەورەیان بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە.

هێگسێت وتیشی: "ئێمە شەش کەشتیی ئێرانیمان گێڕاوەتەوە و ڕێگریمان لێ کردوون کە هەوڵیان دابوو گەمارۆکە بشکێنن."

هاوکات ژەنراڵ "دەن کین"، بەرپرسی ستادی ئەرتەشی ئەمریکا، باسی لەوە کرد کە ڕێژیمی ئێران لە کاتی ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە تا ئێستا، ٩ جار تەقەی لە کەشتییە بازرگانییەکان کردووە و دەستی بەسەر دوو کەشتیی بارهەڵگریشدا گرتووە.