ژێنراڵ دەن کین، بەرپرسی ستادی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، سەرەڕای بەردەوامیی ئاگربەست، هێزەکانی "سێنتکام" و یەکە سەربازییەکانی دیکە لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ ئەوەی لە ئەگەری دەرچوونی فەرمانی سیاسی، ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی سەربازی دژی ئێران دەست پێ بکەنەوە.
ناوبراو هۆشداری دا کە نابێت دانبەخۆداگرتنی ئەمریکا وەک "لاوازی" لێک بدرێتەوە.
بەپێی هەڵسەنگاندنی ئەرتەشی ئەمریکا، لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە، ڕێژیمی ئێران ٩ جار تەقەی لە کەشتییە بازرگانییەکان کردووە، دەستی بەسەر ٢ کەشتییدا گرتووە و زیاتر لە ١٠ هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا.
ژێنراڵ کین ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هێرشانە تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی ببنە هۆی هەڵوەشانەوەی ئاگربەست و دەستپێکردنەوەی شەڕی گەورە، بەڵکوو وەک تاقیکردنەوەی بژاردەکان لەلایەن تارانەوە دەبینرێن.
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە کە دۆخی ناوچەکە بەهۆی "پڕۆژەی ئازادی" و هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی گەرووی هۆرمۆز، لە قۆناغێکی زۆر هەستیار و پڕ لە گرژیدایە.