
فەرهاد سلێمانپوور
گەرووی هۆرمز بە شادەماری ئابووریی ئێران دادەنرێت، لەبەر ئەوەی نزیکەی سەدا هەشتا بۆ نەوەدی هاوردە و هەناردەی بەم ڕێڕەوەدا دەڕوات؛ بۆ ئابووریی جیهانیش گرنگە، چونکە بەشێکی بەرچاوی نەوت و گاز و کەرەستەی سەرەتایی جیهان بەم ڕێڕەوەدا تێدەپەڕێت. ئەم زانیارییانەی خوارەوە گرنگیی گەرووی هۆرمز نیشان دەدەن:
ـ لە ٢٠٢٥دا تێکڕای ٢٠ میلیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، کە دەکاتە گواستنەوەی نزیکەی ٢٠٪ی نەوتی جیهان، بەم گەرووەدا تێدەپەڕی. وڵاتانی سعوودیە و ئیمارات، جگە لە گەرووەکە، ڕێگەی تریان هەیە بۆ هەناردەی بەشێکی نەوتەکەیان (نزیکەی ٣.٥ تا ٥.٥ میلیۆن بەرمیل لە ڕێگەی دیکەوە دەڕوات)، بەڵام هەناردەی نەوت و گازی ئێران، عێراق، کووەیت و قەتەر بەتەواوی پشتی بەم گەرووە بەستووە.
ـ سەدا بیستی (٢٠٪ی) گازی LNGی جیهان کە هی دوو وڵاتی قەتەر و ئیماراتە، بەم ناوچەیەدا دەڕۆیشت؛ واتە ٩٣٪ی گازی قەتەر و ٩٦٪ی گازی ئیمارات، کە دەکاتە ١٩٪ی گازی جیهان.
ـ ماددە و پەینی کیمیایی: بە ڕێژەی ٧٣.٤٪ی بەرهەمە هایدرۆکەربۆنییەکان، ١٦.٨٪ی مێتانۆڵ، ١٤.٢٪ی پەینی ئۆرە، ١١.٧٪ی ئێتیلین گلایکۆڵ، ١٢.٦٪ی دایئێتیلین گلیکۆڵ. بەگشتی نزیکەی ٢٠٪ی پەینی کیمیایی کشتوکاڵیی جیهان (urea and ammonia) کە بۆ کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی پیشەسازی بەکاردەهێنرێن، بەم گەرووەدا تێدەپەڕی. داخستنی ئەم گەرووە بەخێرایی کاریگەری لەسەر زنجیرەی دابینکردنی خۆراک دادەنێت. تا ئێستا نرخی پەینی کیمیایی لە جیهاندا بۆ زیاتر لە ٣٠٪ بەرز بووەتەوە کە نرخی خۆراکیشی لەگەڵ خۆی بەرز کردووەتەوە؛ بەردەوامیی ئەوە وادەکات کە بەرهەمی کشتوکاڵیش کەم بێتەوە، چونکە بەپیتبوونی زەوی کەم دەکاتەوە.
ـ بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی وەک زەعفەران بە ڕێژەی ٤٠.٧٪، خورما بە ڕێژەی ٢٢.٧٪، پستە بە ڕێژەی ١٦.٣٪ و چای ڕەش بە ڕێژەی ١٠.٥٪ بەم ڕێڕەوەدا دەڕۆیشت.
ـ یەک لەسەر سێی ماددەی هیلیۆم (Helium) کە هی قەتەرە، نیوەی هەناردەی ماددەی گۆگرد، ٩٪ی ئەلەمنیۆمی (Aluminum) جیهان، نیوەی سولفۆری (Sulfur) جیهان، ڕێژەیەکی بەرچاوی ماددەی گرافیت (Graphite) کە لە پاتریی ئۆتۆمبێلدا بەکاردەهێنرێت، ڕێژەیەکی بەرچاوی بەردی ئاسن (Iron ore) و تۆپەڵەی پۆڵا (steel pellets)، بەم ڕێڕەوەدا دەڕۆیشت. ئەم ماددانە هەمووی لە پیشەسازیی جۆراوجۆردا بەکاردەهێنرێن، کەمبوونەوەیان بەواتای گرانبوونی نرخی ئەم کەرەستانەیە لە بەرهەمهێناندا.
کاریگەریی گرتنەوەی گەرووی هۆرمز بۆ دوو جۆر پۆلێن دەکەین: یەکەم لەسەر وڵاتانی هەناردەکاری وزە و کەرەستەی سەرەتایی، دووەم لەسەر وڵاتانی هاوردەکاری وزە و کەرەستەی سەرەتایی.
یەکەم، لەسەر وڵاتانی هەناردەکاری نەوت و گازی کەنداو:
هەناردەی ئەم وڵاتانە بەم شێوەیەیە: بەر لە شەڕی ٤٠ ڕۆژە، زیاتر لە ١٤ میلیۆن بەرمیل نەوت و نزیکەی ١١ میلیارد پێی سێجا (فوت مکعب) گازی شلی قەتەر بەم گەرووەدا دەڕۆیشت. هەناردەی ڕۆژانەی وڵاتانی ئەم ناوچەیە بەم شێوەیە بوو:
سعوودیە ٥.٥ میلیۆن بەرمیل نەوت
عێراق ٣.٥ میلیۆن بەرمیل
ئیمارات ٢.٧ میلیۆن بەرمیل نەوت و گازەکەشی
کووەیت ١.٨ میلیۆن بەرمیل نەوت
ئێران ١.٦ میلیۆن بەرمیل نەوت
قەتەر ١١٢ میلیارد مەتر سێجا هەناردەی گاز، و نزیکەی ٥٥٠ هەزار بەرمیل نەوت.
ئەگەر بۆ ماوەی هەفتەیەک ئەم گەرووە دابخرێت، سعوودیە ٤.٥ میلیارد دۆلار، عێراق ٢ میلیارد دۆلار، ئیمارات ٣ میلیارد دۆلار، قەتەر ١.٥ میلیارد دۆلار، کووەیت ١.٥ میلیارد دۆلار و ئێران ١.٥ میلیارد دۆلار زەرەر دەکەن. ئەم زیانە تەنیا تایبەتە بە نەوت و گاز. بەڵام ئەگەر بەگشتی زیانی هەناردە و هاوردە هەژمار بکرێت، ئەوا سعوودیە ٧.٨ میلیارد دۆلار، ئیمارات ٨.٤ میلیارد دۆلار، عێراق ٣.٢ میلیارد دۆلار و ئێران ٢.٥ میلیارد دۆلار زەرەر دەکەن. ئێران کە یەدەگی دراوی سفرە، زۆرترین زیانی پێدەگات؛ ساڵانێکە سزای لەسەرە و یەکێکە لە وڵاتە گەندەڵەکان و بەر لە شەڕیش دۆخی ئابوورییەکەی لە قەیرانی قووڵدابوو؛ ئێستا ئەگەر داهاتی نەوتی نەمێنێت و پێش لە هاوردەی شمەکی پێویست و بنەڕەتییەکەی بگیرێت، ئەوا بە یەکجاری تەنگی پێ هەڵدەچنرێت.
داخستنی ئەم گەرووە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی هەناردەی ئەو وڵاتانە؛ ئەو وڵاتانەی بودجەکەیان زیاتر بەستراوەی داهاتی نەوت و گاز بێت، زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت. بۆ نموونە، عێراق کە کەوتووەتە داوی نەوتەوە و زیاتر لە ٩٥٪ی بودجەکەی بەستراوەتەوە بە داهاتی نەوت، یان کووەیت کە ٩٠٪ی بودجەکەی بەستراوەتەوە بە داهاتی نەوت. ئەگەر بێت و نەوتەکەیان بە گەرووەکەدا نەڕوات، تووشی داکشانی ئابووری دەبن. جا ڕادەی کاریگەرییەکە بەستراوەتە بەوەی کە تا چەند وڵاتان بودجەکەیان بەستراوەی داهاتی نەوت، گاز و کەرەستەی خاوی ئەم ڕێڕەوەن. بۆ وڵاتێکی وەک سعوودیە کە نزیکەی ٦٠٪ تا ٧٠٪ی بودجەکەی بەستراوەی نەوتە، ڕێگەی تری هەیە بۆ گواستنەوەی بەشێکی نەوتەکەی و هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەهۆی کێشەی ئەم گەرووەوە، بەشێکی زیانەکەی بۆ پڕ دەکاتەوە. ئیمارات ٣٠٪ بۆ ٤٠٪ بەستراوەیە و قەتەر کەمتر، و لەم ساڵانەی دواییدا توانیویەتی تا ڕادەیەکی باش ئابوورییەکەی فرەچەشن بکات. گرتنەوەی ئەم گەرووە بەم شێوەیە کاریگەری لەسەر ئابووریی ئەم وڵاتانە دادەنێت:
ـ کەمبوونەوەی هەناردەی نەوت و گاز و کەرەستەی سەرەتایی ← کەمبوونەوەی داهاتی دراو (دۆلار) ← کورتهێنانی بودجە ← پێنەدانی مووچە و خەرجیی گشتی ← کەمبوونەوەی وەبەرهێنان و پڕۆژەکان ← زۆربوونی بێکاری ← کەمبوونەوەی گەشەی ئابووری ← داکشانی ئابووری.
ـ کەمبوونەوەی هەناردە ← کەمبوونەوەی دۆلار (دراو) ← کەمبوونی دۆلار لە بازاڕدا ← کەمبوونەوەی بەهای پارەی نێوخۆ ← بەرزبوونەوەی نرخی شمەکی هاوردە ← زۆربوونی تێچوونی بەرهەمهێنان و گواستنەوە ← بەرزبوونەوەی نرخی شمەک و خزمەتگوزاری ← هەڵاوسان.
دووەم، لەسەر وڵاتانی هاوردەکاری نەوت:
گرووپی دووەم ئەو وڵاتانەن کە نەوت و گاز دەکڕن وەک ئورووپا، کۆریا، ژاپۆن، چین و هیندستان و هتد. ئەگەر ئەم ڕێڕەوە بۆ ماوەی چەند مانگێک دابخرێت و یەدەگی نەوت و گازی ئەو وڵاتانە کەم ببێتەوە، ئەوا زۆر بەخێرایی ئەم دەستە وڵاتانەش تووشی داکشانی ئابووری دەبن. جا ڕادەی داکشانەکەیان بەستراوەتە بەوەی کە تا چەند بەستراوەی نەوت و گاز و کەرەستەی تری ئەم ناوچەیەن. داخستنی گەرووەکە وادەکات هەناردەی نەوت و گاز و کەرەستەی خاو کەم بێتەوە و بەم شێوەیە کاریگەری لەسەر ئابوورییان دادەنێت:
١ـ لەسەر بەرهەمهێنان: کەمبوونەوەی هەناردەی نەوت و گاز و کەرەستەی خاوی تر ← بەرزبوونەوەی نرخی وزە ← بەرزبوونەوەی تێچوونی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان ← کۆمپانیاکان یان نرخیان بەرز دەکەنەوە یان بەرهەمهێنانیان کەم دەکەنەوە ← کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان.
٢ـ لەسەر بەکاربەر: کەمبوونەوەی هەناردەی نەوت و گاز و کەرەستەی خاوی تر ← بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، کارەبا و گواستنەوە ← بەرزبوونەوەی تێچوون ← کەمبوونەوەی هێزی کڕین ← کەمبوونەوەی خواست لەسەر شمەک و خزمەتگوزاری.
٣ـ لەسەر کار: کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان و خواست ← کەمبوونەوەی قازانجی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان ← دەرکردنی کرێکار ← زۆربوونی بێکاری.
٤ـ لەسەر وەبەرهێنان: بەرزبوونەوەی نرخی وزە و کەرەستە ← بەرزبوونەوەی هەڵاوسان ← بەرزکردنەوەی نرخی سوود لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە ← کەمبوونەوەی قەرز و وام ← کەمبوونەوەی وەبەرهێنان.
٥ـ ئەنجام: کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان + کەمبوونەوەی بەکاربردن + زۆربوونی بێکاری + کەمبوونەوەی وەبەرهێنان = کەمبوونەوەی گەشەی ئابووری (economic growth) ← داکشان (recession).
ئەگەر گرتنەوەی گەرووی هۆرمز زۆر بخایەنێت و وڵاتان یەدەگی وزەیان تەواو بێت، ئەوا تووشی داکشانی ئابووری دەبن. ئەم کێشە ئابوورییە بۆ وڵاتان وەک یەک نییە؛ هەر وڵاتێک زیاتر بەستراوەی وزە و کەرەستەی سەرەتایی گەرووەکە بێت، زووتر و قووڵتر ئابوورییەکەی تووشی داکشان دەبێت. بۆ نموونە چین ڕۆژانە نزیکەی ٤.٧ میلیۆن بەرمیل نەوت، کە نزیکەی ٣٧.٧٪ی هاوردەی نەوتی ئەم وڵاتە پێک دەهێنێت، لەم گەرووەوە هاوردە دەکات، بەڵام بۆ ماوەی ٧ مانگ یەدەگی هەیە و بۆ بەشێکی زۆری هاوردەی نەوت و گازەکەشی شوێنگرەوەی وەک ڕووسیە و میانماری هەیە؛ لەگەڵ ئەوەشدا پەرەسەندنی وزەی پاک بەخێرایی لەو وڵاتە بەرەو پێش دەڕوات. وڵاتانی بەرهەمهێنەری وەک هیندستان، ژاپۆن، کۆریای باشوور، پاکستان و بەنگلادیش زۆرترین بەستراوەییان هەیە. وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیاش وەک تایلەند و ئەندەنوسیا بە شێوەی مامناوەند بەستراوەی وزەی ئەم ناوچەیەن. بۆ ئەم وڵاتانە، جیا لەوەی نرخی شمەک بۆ بەکاربەر بەرز دەبێتەوە، نرخی شمەکی پیشەسازیشیان بەرز دەبێتەوە کە ئەمە ناچاریان دەکات یان بەرهەمیان کەم بکەنەوە یان بەشێکی هێزی کاریان دەربکەن. بۆ نموونە، هەناردەی سووتەمەنیی کۆریای باشوور لە نیوە زیاتر کەمی کردووە و هەناردەی بەنزینی هیندستانیش زۆر کەم بووەتەوە؛ و ئەگەر ئەم داخستنە ماوەیەکی زۆر بخایەنێت، ئابووریی ئەو وڵاتانە دەچێتە قۆناغی داکشانەوە (recession). بۆ وڵاتانی ئورووپاش ئیتالیا، بێلژیک، ئیسپانیا و یۆنان لەچاو وڵاتانی تری ناوچەکە زۆرترین زیانیان پێدەگات. ئورووپا کە بەهۆی شەڕی ئۆکراینەوە تازە لە کێشەی زنجیرەی دابینکردن و هەڵاوسان دەربازی بوو، کێشەی ئەم گەرووە زەحمەتتر دەبێت بۆی؛ هەڵاوسانی تووش دەکات و گەشەی ئەم ناوچە پیشەسازییە کە زۆر پێویستی بە وزە هەیە، کەم دەکاتەوە و لەمەودوا دەبێ لەگەڵ مشتەرییە ئاسیاییەکانی لەسەر وزەی نۆروێژ و ئەمریکا ڕکابەری بکات. یەدەگی ستراتیژیکی نەوت و گازی کەمە و ئێستا پیشەسازیی وزەخۆری بۆ نموونە وەک پلاستیکی پۆڵای ئەڵمان لە کێشەدایە. بەپێی گۆڵدمەن ساکس، گەشەی ئابووریی ناوچەی یۆرۆ بۆ ٢٠٢٦ لە ١.٤٪ی پێش شەڕەوە بۆ ٠.٧٪ کەم بووەتەوە. ئورووپا زۆر پێویستی بە گازوایل و بەرهەمی پاڵێوراوی تر هەیە کە بۆ گواستنەوە، کشتوکاڵ و خانووکردنەوە بەکاریدەهێنێ و هەر ئێستاش گازوایل لەو ناوچەیە زۆر گران بووە. بۆ گازیش وەهایە؛ ٢٠ ڕۆژ لەمەوبەر یەدەگی گازەکەی نزیکەی ٢٨.٩٪ بوو کە بەخێرایی بەرەو تەواوبوون دەڕوات. ئاکامی ئەم شەڕە ئابوورییە لە ئورووپا دەرکەوتووە؛ دوایین ڕاپۆرتی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو، ڕێژەی گەشەی ئابووریی ناوچەی یۆرۆی لە ١.٤٪ی ساڵی پێشووەوە بۆ ١.١٪ی ئەمساڵ کەمتر پێشبینی کردووە. ڕێژەی گەشەی بۆ ئاڵمان (٠.٨)، برریتانیا (٠.٨)، فەرانسە (٠.٩) و ئیتالیا (٠.٥) و وڵاتانی تریش کەمتر لە ساڵی پێشوو پێشبینی کردووە. گەشەی ئابووریی جیهانی بۆ ٢٠٢٦ کە پێشتر ٣.٣٪ پێشبینی کردبوو، کەمی کردەوە بۆ ٣.١٪؛ هەڵاوسانیشی بۆ جیهان بە ٤.٤ لەبەرچاو گرتووە کە بەبەراورد بە مانگی ژانویە، ٠.٦ زیاتر پێشبینی کردووە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە ئەگەر نرخی وزە لە ماوەی ئەمساڵدا هەر ئاوەها بەرز بێت، ئەوا گەشەی ئابووریی جیهان بۆ ٢.٥٪ یان ٢٪ کەم دەبێتەوە.
با بگەڕێینەوە سەر ئێران و ئەمریکا:
کاریگەرییەکەی لەسەر ئێران:
بەگوێرەی گومرکی ئێران، بڕی بازرگانیی دەرەکیی ئێران بۆ ساڵی ١٤٠٤ نزیکەی ١٠٩ میلیارد و ٦٧٣ میلیۆن دۆلار بووە؛ لەم بڕە پارەیە ٥١ میلیارد و ٦٧٥ میلیۆن دۆلاری تایبەتە بە هەناردەی بەرهەمی نانەوتی و بڕی ٥٨ میلیارد و ١٦ میلیۆن دۆلاری تایبەتە بە هاوردە. بڕی هەناردەی نەوتیش بەر لە شەڕ ١.٦ میلیۆن بەرمیل نەوت بوو. گرنگیی گەرووی هۆرمز بۆ ئابووریی ئێران بەگشتی لەوەدا دەردەکەێت کە ٩٠٪ی هاوردە و هەناردەی نەوتی و نانەوتیی ئێران بەم گەرووەدا دەڕوات؛ ئەمە بەستراوەیی ئابووریی ئێران بەم گەرووەیە نیشان دەدات. بەکورتی:
ـ ڕێگەی سەرەکیی هەناردەی نەوتی ئێرانە؛ ٨٠٪ تا ٩٠٪ی نەوتی ئێران لەم ڕێڕەوەوە دەڕوات. ئەگەر ئەمریکا لە داخستنی گەرووەکە بەڕووی ئێراندا جدی بێت، ئێران ئەم داهاتەی نابێت؛ ئەمەش واتە داهاتی دراوی ئێران کەم دەکاتەوە و حکوومەت پارەی نابێت خەرجییەکانی پڕ بکاتەوە و ئەوەندەی تر تووشی کورتهێنانی بودجە دەبێت. ئاکامەکەی بەم شێوەیە دەبێت:
١ـ کەمبوونەوەی داهاتی حکوومەت ← پڕنەکردنەوەی خەرجییە گشتییەکان ← کورتهێنانی بودجە ← لەچاپدانی زیاتری پارەی بێپاڵپشتی ← بەرزبوونەوەی هەڵاوسان.
٢ـ کەمبوونەوەی دۆلار ← بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و شکانی زیاتری تمەن ← گرانبوونی کەرەستە و ئامێری سەرەتایی کۆمپانیاکان ← بەرزبوونەوەی تێچوونی بەرهەمهێنان ← گرانبوونی نرخی شمەک ← بەرزبوونەوەی هەڵاوسان.
ـ ئەم گەرووە ڕێگەی هاوردەی کەلوپەلی پێویست و بنەڕەتی وەک خۆراک، دەرمان و کەرەستەی سەرەتایی و ئامێری سەریەکخستنی ئۆتۆمبێل و بەرهەمە کارەباییەکانی وەک تی ڤی و بەفرگر و گلۆپ و زۆر شتی دیکەیە. بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی گومرکی ئێران، نزیکەی ٢٥ میلیۆن تۆن شمەکی پێویستی وەک گەنم، جۆ، دانەوێڵە، شەکر، سۆیا و ڕۆن هاوردە دەکات کە ٩٠٪ی ئەم کەلوپەلانە بەم گەرووەدا دەهێنرێن. ژمارەیەکی بەرچاوی کارخانە و کارگە و کۆمپانیا، لەبەر ئەوەی کەرەستەی سەرەتاییان بەم گەرووەدا دێت، یان کارەکەیان ڕاوەستاوە یان لە بەردەوامیی داخستنی گەروەکەدا، ئەوانیش ناچار دەبن کارەکەیان ڕابگرن و ئەمەش بێکاربوونی زیاتری لێ دەکەوێتەوە.
١ـ کەمبوونەوەی هاوردەی کەرەستەی پێویستی بەرهەمهێنان ← هاتنەئارای گرفت و کێشە لە کەرتی بەرهەمهێناندا ← داخستنی پیشە و کۆمپانیا و دەرکردنی کرێکار ← زۆربوونی بێکاری ← کەمبوونەوەی گەشەی ئابووری.
ئەم گەرووە کە بە شادەماری ئابووریی ئێران دادەنرێت، ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر دابخرێت، ئەوا ئابووریی ئێران لەوەی کە هەیە کێشەکانی زیاتر دەبێت. کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران گوێیان بەم داخستنە نییە و پێیان وایە ڕێی دەربازبوونیان هەیە و بەوتەی خۆیان گرتنەوەی گەرووەکە کاریگەرییەکی ئەوەندە گەورە لەسەریان نابێت و دەیانەوێ بەم ڕێگەیانە خۆیان دەرباز بکەن:
ـ داهاتی نەوت و بەگشتی کەرتی نەوت لەژێر خاوەندارییەتیی دامودەزگای بەیتى ڕێبەریدایە، بە (ئەنفال) دادەنرێت. سپای پاسداران بۆ ماوەیەکی درێژ بەرگە دەگرێت، لەبەر ئەوەی کۆنتڕۆڵی بەسەر ٧٠٪ تا ٨٠٪ی ئابووریی ئێراندا هەیە و جارێ پاشکەوتێکی زۆری هەیە بۆ پێدانی مووچە بە ئەندامەکانی؛ ئەوەی هەیە خەڵکی ئێرانە کە بێکاری و گرانبوونی شمەک زیاتر تەنگ بە خەڵک هەڵدەچنێت. لەم ڕووەشەوە کە توانیویەتی خەڵکی ئێران کۆنتڕۆڵ بکات، ئەوا گوێی بە خراپتربوونی دۆخی ئابووری نییە وەک چۆن لە گشت ئەم ساڵانەدا گوێی پێ نەداوە.
ـ سەدا ٣ بۆ ٥ی بازرگانیی ئێران لە ڕێگەی دەریای خەزەر و وشکانییەوەیە؛ سوپای پاسداران کەوتووەتە خۆی کە زیاتر لەم ڕێگانە کەڵک وەربگرێت.
ـ کرانەوەی ڕێگەی گوادەری پاکستان بەڕوویدا کە بە فەرمی لە مانگی نەورۆزدا کرایەوە و یەکەم باری خۆی لە گوادەرەوە گەیاندە تاشکەندی ئۆزبەکستان. ئێران دەتوانێ بە شێوەی سنووردار هەناردە و هاوردەی شمەکی نانەوتی لەم ڕێگەیەوە بکات. ئەم ڕێگایانە ئەگەرچی تێچوونی ئاڵوگۆڕ بۆ ئێران دەباتە سەرەوە و نرخی شمەک بەرزتر دەکاتەوە، بەڵام تا ڕادەیەکی کەم باری گەرووەکەی بۆ سووک دەکات.
ـ کەڵکوەرگرتن لە ڕێی ئاسنینی قەزاقستان، ئۆزبەکستان، تورکمانستان و چین.
ـ عێراق یەک لەو وڵاتانەیە کە لە هەموو ئەم ساڵانەدا یارمەتیی ئێرانی داوە تا ئەو ڕادەیەی کە نەوتی ئێرانی تێکەڵاوی نەوتەکەی خۆی کردووە و بۆی فرۆشتووە؛ سەرافەکان، بانکەکان و بازرگانە عێراقییەکان یارمەتیی ئێرانیان داوە کە دەستی بە دۆلار بگات. تورکیە و ڕووسیەش بەردەوام یارمەتییان داوە و ئێستاش کە بە ئاشکرا نایانەوێ کۆماری ئیسلامی بکەوێت، لە ڕێی جۆراوجۆرەوە یارمەتی دەدەن.
ـ کۆماری ئیسلامی وەک خۆی دەڵێت، لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی سزای ئابوورییەوە، لە ڕێگەی دەڵاڵ و کۆمپانیای وڵاتانی ترەوە شارەزای فرۆشتنی نەوتەکەی بووە.
کاریگەرییەکەی لەسەر ئەمریکا:
کاریگەریی گرتنەوەی ئەم گەرووە لەسەر ئابووریی ئەمریکا دووسەرەیە؛ لە لایەکەوە نرخی نەوت و گاز کە بەرز دەبێتەوە، داهاتی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی ئەمریکا زۆر دەکات و ئەمە وادەکات ئەو کۆمپانیایانە وەبەرهێنان بکەن و هەلی کار بڕەخسێنن. لە ٢٠٢٥دا ئەمریکا نزیکەی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ناوچەی کەنداوی پێویست بوو؛ ئێستا نەوتی ڤەنزوێلا ئەوەی بۆ پڕ کردووەتەوە و نەوتی مەکسیک، کەنەدا و ڤەنزوێلای وەک قەڵغانێک لەبەرامبەر بەرزبوونەوەی نرخی وزەدا بەکارهێناوە. ئەمریکا خۆی هەناردەکاری نەوت و گازیشە؛ نزیکەی ٤.٦ میلیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی ئورووپا دەکات. لە لایەکی دیکەوە، کاریگەریی گرتنەوەی گەرووەکە لەسەر ئەمریکا لە سۆنگەی نرخەوەیە (بۆ وڵاتانی تر لە ڕووی بڕ و نرخەوەیە)؛ واتە نرخی سووتەمەنی بۆ خێزانی ئەمریکایی بەرز دەکاتەوە. ٢٪ی سەبەتەی بەکاربردنی خێزانێکی ئەمریکایی لە سووتەمەنی پێک دێت؛ ئەمە کاریگەرییەکی ئەوتۆ لەسەر خۆشگوزەرانیی ئەمریکاییەکان دانانێت، بەڵام لەبەر ئەوەی لەو وڵاتە هەڵبژاردنی ئازاد و ڕکابەریی دوو حیزب هەیە، ئەوا هەر جۆرە بەرزبوونەوەیەکی نرخ وەک فشارێک لەسەر دەسەڵات بەکاردەهێنرێت؛ ئەوەی کە ئێران دەیەوێت فشاری نێوخۆیی و جیهانی لەسەر ترامپ زیاد بکات و ناچاری پاشەکشە و ئیمتیازپێدانی بکات.
ئێران و ئەمریکا لە گرتنەوەی گەرووی هۆرمزدا چییان دەوێت؟
یەکەم، ئەمریکا دەیەوێت بە گرتنەوەی گەرووی هۆرمز، دەست بخاتە بینەقاقای کۆماریی ئیسلامی و ناچاری بکات تەسلیمی خواستەکانی ترامپ بێت و ئەمریکا مەرجەکانی خۆی بەسەر کۆماری ئیسلامیدا بسەپێنێت و ڕێککەوتنێکی یەکجارەکی لەگەڵ بکات. هەروەها ئەمریکا لە دەستپێکی شەڕەکەدا داوای لە ئورووپا کرد شانبەشانی ئەمریکا و ئیسرائیل بێنە مەیدان و دژی ئێران ڕابوەستن کە ڕەتیان کردەوە؛ ئێستا بە گرتنەوەی گەرووەکە دەیەوێ کۆدەنگی و هاوهەڵوێستییەک لە بەرامبەر ئێراندا پێک بێنێ و بەرەبەرە ئورووپاییەکان و وڵاتانی تر لەگەڵ خۆی بخات و ئەوەندەی تر ئێران پەراوێز بخات.
دووەم، ئێران دەیەوێت بە گرتنەوەی گەرووەکە، نرخی وزە لە جیهاندا بەرز بێتەوە و تەنگ بە وڵاتان و نێوخۆی ئەمریکا هەڵچنێت و جیهان و نێوخۆی ئەمریکا وا لێ بکات فشار بخەنە سەر ترامپ و ناچاری بکەن دەست لە شەڕ هەڵبگرێ و مەرجەکانی خۆی بەسەریدا بسەپێنێت. ئێران جیا لە گەرووی هۆرمز، دەیەوێ لە ڕێگەی حوسییەکانەوە گەرووی بابولمەندەب کە ڕێژەی ١٤٪ی بازرگانیی دانەوێڵەی جیهان، ١٢٪ی نەوتی خاو، ١٠-١٢٪ی پەینی کیمیایی، ٨٪ی گازی سروشتی، خەڵووز، ئاسن و کەرەستەی خاوی دیکە پێیدا تێدەپەڕێت دابخات و ئەوەندەی تر فشار بخاتە سەر ئابووریی بەشێکی جیهان. داخستنی ئەم گەرووە وادەکات کەشتییەکان بە دەوری ئەفریقادا بسووڕێنەوە، کە ئەمەش ماوەیەکی زۆر دەخایەنێ و تێچوون و بیمەی گواستنەوە بەرز دەکاتەوە. هەروەها کۆماری ئیسلامی پێی وایە ئەمریکا بۆ ماوەیەکی درێژ ناتوانێ بەرگەی تێچوونی ئەم کەشتییە بارهەڵگر و سەربازییانەی بکات کە لە کەنداودا مۆڵی داون.
دەمێنێتەوە پرسیارێک: کامیان دەیباتەوە؟ ئەوەیان کە زیاتر بەرگە بگرێت و بتوانێ لای بەرامبەرەکەی دابخات و وڵاتانی تر لەگەڵ خۆی بخات. ئایا سپای پاسداران بەرگەی فشاری ئابووریی نێوخۆ دەگرێ و دەتوانێ ئەو بەشەی گەرووەکە دابخات کە ئەمریکا دەیەوێ ئازادی بکات بۆ هاتوچۆ؟ ئایا ترامپ و ئیدارەکەی بەرگەی فشاری نێوخۆ و دێموکراتەکان دەگرن و دەتوانن بەشی لای ئێران بەڕووی هاتوچووی کەشتیدا دابخەن؟ کامیان دەتوانێ وڵاتانی تر لە دژی بەرامبەرەکەی بەکار بێنێت؟
لە ڕاپۆرت و زانیارییەکانی ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ی ئەم ماڵپەڕانە کەڵکم وەرگرتووە:
https://www.iea.org/
https://www.tasnimnews.ir/
https://www.imf.org/en/home
https://data.worldbank.org/
https://www.undp.org/
https://www.wto.org/
بۆ کاریگەریی داخستنی گەرووی هۆرمز لەسەر خۆراکی جیهان کەڵکم لە نووسینی ئەم چوار ئابووریناسە وەرگرتووە:
https://www.kielinstitut.de/fileadmin/Dateiverwaltung/IfW-Publications/fis-import/01b7c020-27e6-4096-8cc5-e037738d2058-KPB_206.pdf
. Hydrocarbon derivatives (73.4%), methanol (16.8%), urea fertilizer (14.2%), ethylene glycol (11.7%), and diethylene glycol (12.6%)—