ڕۆژی شەممە، ٩ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەبەردەم باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی لە لەندەن، خۆپیشاندانێکی بەربڵاویان بۆ مەحکوومکردنی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر کەمپەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و شەپۆلی لەسێدارەدانی لاوانی کورد لە نێوخۆی وڵات بەڕێوە برد.
سەرەتای خۆپێشاندانەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.
لە درێژەدا، پەیامی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لەلایەن بەڕێزان حەمید مورتەزازادە، فەرید دەیهیم و یوونس موکری بە زمانەکانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی پێشکەش کرا.
لە پەیامەکەدا لە کاتێکدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرا لە ئاست تاوانەکانی ڕێژیمدا بێدەنگ نەبێت، جەخت کرایەوە کە خۆپیشاندەران دەنگی زیندانییانی سیاسی، مافخوازان، کۆڵبەران و سەرجەم چینە چەوساوەکانن.
هەروەها ڕاگەیەندرا کە هەر جۆرە مامەڵە و ڕێککەوتنێکی پشت دەرگا داخراوەکان لەگەڵ تاران، ناتوانێت ڕەوایی بۆ دەسەڵاتێکی لێقەوماو بگەڕێنێتەوە، چونکە ئیرادەی خەڵک بۆ ئازادی و کۆتاییهێنان بە ستەمکاری بە هیچ شێوازێک کپ ناکرێت.
ئەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە بە وتنەوەی سروودی "ئەی شەهیدان" و پێشکەشکردنی چەندین سروودی شۆڕشگێڕیی دیکە بەردەوام بوو.
بەشداربووان لە ماوەی خۆپیشاندانەکەدا بە وتنەوەی دەیان دروشم بە زمانەکانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی، دەنگی ناڕەزایەتی و ئیرادەی خۆیان دژی سیاسەتە سەرکوتکارییەکانی کۆماری ئیسلامی دەربڕی.