بەرپرسی ئەنجومەنی دەروونپزیشکیی ئێران هۆشداری لە کەمبوونی بەرچاوی دەرمانی نەخۆشییە دەروونییەکان (وەک خەمۆکی و شیزۆفرێنیا) دەدات و ڕایدەگەیەنێت کە لە مانگەکانی داهاتوودا ئەم قەیرانە مەترسیدارتر دەبێت.
وەحید شەریعەت، بەرپرسی ئەنجومەنی دەروونپزیشکیی ئێران، ڕایگەیاند کە بەشێکی زۆر لە دەرمانە سەرەکییەکان دەست ناکەون. ناوبراو دەسەڵاتی تارانی بە بەرپرسی یەکەمی ئەم دۆخە زانی و وتی: "سەرچاوەی قەیرانی دەروونیی ئەمڕۆ، بڕیارە گشتییەکانی دەسەڵات و جۆری ڕوانینی ئەوانە بۆ پرسەکان کە سێبەری بەسەر هەموو بوارەکاندا کێشاوە."
ئەم داڕمانە تەندروستییە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ڕێکخراوی خۆراک و دەرمانی ڕێژیمیش دانیان بەوەدا ناوە کە کێشەی دراو، نەبوونی نەختینە و گرانبوونی زیاتر لە هەزار قەڵەم دەرمان، پیشەسازیی دەرمانی لە ئێران پەک خستووە؛ تەنانەت بەشێک لە کەرەستە سەرەتاییەکانیش بەهۆی ئاڵۆزی و شەڕە ناوچەییەکانی ڕێژیمەوە لە گومڕکەکانی دراوسێ ڕاگیراون.
شارەزایانی تەندروستی هۆشداری دەدەن کە کەمبوون یان بڕانی لەناکاوی ئەم دەرمانانە، دەبێتە هۆی تێکچوونی توندی باری دەروونیی نەخۆشەکان و پەرەسەندنی قەیرانێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتیی دیکە لە ئێراندا.