کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێچووی نادیاری ئینتێرنێت لە ئێران؛ بازاڕی ڕەشی فیلتێرشکێن و گوشاری دارایی لەسەر هاوڵاتییان

10:34 - 10 جۆزەردان 2726

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ئابووریی "ئێقتساد ئانلاین"، سەرەڕای گەڕانەوەی هێڵی ئینتێرنێتی نێودەوڵەتی لە ئێران دوای ٨٨ ڕۆژ پچڕانی بەربڵاو، دەستڕاگەیشتن بە پلاتفۆرمە جیهانییەکانی وەک ئینستاگرام، تێلێگرام، واتساپ، یووتیووب و ئێکس هێشتا بەبێ فیلتێرشکێن (VPN) مەحاڵە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بازاڕی ڕەشی فیلتێرشکێن گەرم بێت و تێچوویەکی قورس بخاتە سەر شانی بنەماڵەکان.

لێکۆڵینەوە مەیدانییەکان لە شارەکانی ئێران دەری دەخەن کە نرخی فیلتێرشکێن لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە جیاوازییەکی یەکجار زۆری هەیە و لە چەند سەد هەزار تمەن تا چەندین میلیۆن تمەن جیاوازن.

ئەم دۆخە هاوکێشەیەکی سەیر و پێچەوانەی لە بازاڕی پەیوەندییەکانی ئێراندا دروست کردووە؛ بە شێوەیەک کە لە زۆر حاڵەتدا، تێچووی کڕینی فیلتێرشکێن چەند هێندە زیاترە لە تێچووی خودی ئینتێرنێتەکەیە.

بەکارهێنەرێک کە مانگانە ١٥٠ بۆ ٢٠٠ گیگابایت ئینتێرنێت بەکار بهێنێت، دەبێت چەندین میلیۆن تمەن تەنیا بۆ کڕینی VPN تەرخان بکات، کە ئەمەش بەشێکی گەورە لە داهاتی مانگانەی بنەماڵەکان دەبات.

ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان جەخت دەکەنەوە کە پچڕانی سێ مانگەی ئینتێرنێت لەکاتی شەڕ، گورزێکی کوشندەی لە ئابووریی دیجیتاڵیی ئێران و کارە ئانلاینەکان وەشاندووە و زیانی ڕۆژانەی دەیان میلیۆن دۆلاری لێکەوتووەتەوە.

شارەزایان پێیان وایە هەتا کاتی بەردەوامبوونی فیلتێرکردنی پلاتفۆرمە جیهانییەکان، ئەم بازاڕە قۆرخکراوەی فیلتێرشکێن کە هیچ چاوەدێرییەکی لەسەر نییە هەر بەردەوام دەبێت و باجەکەی تەنیا هاوڵاتییان دەیدەن.