کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

FDD: شەڕی ئەم دواییە قەڵغانی مووشەکیی پڕۆژە ئەتۆمییەکەی ئێرانی تێکشکاند

10:07 - 10 جۆزەردان 2726

مارک دۆبۆڤیتز، بەڕێوبەری دامەزراوەی بەرگری لە دێموکراسییەکان (FDD)، ڕایگەیاند کە لەنێوچوونی بەشێکی بەرچاو لە هێزی مووشەکی و ژێرخانەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک لە ئێران، دەکرێت وەک گرینگترین ئەنجامی شەڕی ئەم دواییە هەژمار بکرێت.

دۆبۆڤیتز لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کردووە کە پێویستە بەرنامە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی ئێران پێکەوە تاوتوێ بکرێن، چونکە هەر یەکێکیان ئەوی دیکە بەهێزتر دەکات.

ناوبراو نووسیویەتی: "ئەوەی ستراتێژیی ئێرانی زۆر مەترسیدار کردبوو، تەنیا توانای چەکی ئەتۆمی نەبوو، بەڵکوو پێشبینیی پاراستنی ئەم چەکانە بوو لە ڕێگەی هەزاران مووشەکی بالیستیکەوە کە بەردەوام وردەکاریی پێكانیان لە بەرزبوونەوەدا بوو."

بەڕێوەبەری FDD جەختی کردەوە کە کۆگای مووشەکیی ڕوو لە زیادبووی ئێران بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەر جۆرە هێرشێکی سەربازی دژی بەرنامە ئەتۆمییەکەی داڕێژراوە تا تێچووی هێرشەکانی داهاتووی ئیسرائیل یان ئەمریکا بەرز بکاتەوە.

دۆبۆڤیتز ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەم دواییە، توانای مووشەکیی ئێرانی بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز کردووە و بەرهەمهێنانی مووشەکی دوورهاوێژی بۆ دواوە گەڕاندووەتەوە، کە دەیتوانی لە داهاتوودا هەڕەشە لە ئەمریکا بکات.

ئەو وتیشی ئێستا پرسی سەرەکی ئەوەیە کە ئێران بە چ خێراییەک دەتوانێت بەرنامە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی خۆی نوێ بکاتەوە، چونکە لە ئێستادا ڕێگەی تاران بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمیی کارا، زۆر سەختتر لە پێش دەستپێکردنی شەڕەکە بووە.