لە درێژەی پەرەسەندنی بێوچانی گوشارە ئەمنییەتییەکان و ترسی دەسەڵات لە ڕاپەڕینی جەماوەری، دەزگای بەناو دادی کۆماری ئیسلامی لە پارێزگاکانی گۆڵستان و مەرکەزی، بڕیاری زاڵمانەی دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و دارایی ١٤٩ کەسی دەرکرد.
ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی تۆقاندنی کۆمەڵگە، تۆمەتی ساختەی هاوکاری لەگەڵ "دوژمن و میدیا نەیارەکان"ی داوەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییانە و دەستی بەسەر سەروەت و سامانیاندا گرتووە.
لەم پێوەندییەدا، داواکاری گشتیی شاری ئەراک ڕایگەیاند کە دۆسییەی دادوەری بۆ ٧٥ کەس پێک هاتووە و پرۆسەی زەوتکردنی دەستکەوتی ژیانیان دەستی پێ کردووە.
هاوکات لە پارێزگای گۆڵستانیش، کاربەدەستانی ڕێژیم حیسابی بانکی، مڵک و ماشینی ٧٤ کەسیان کە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن زەوت کردووە و هەر جۆرە مامەڵەیەکی داراییان لێ قەدەغە کردوون.
ئەم ڕێکارە تاڵانکارییانە لە کاتێکدایە کە غوڵامحسێن مۆحسێنی ئێژەیی، سەرۆکی دەزگای دادی ڕێژیم، پێشتر فەرمانی خێراکردنی زەوتکردنی داراییی نەیارانی ریژیمی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات دەرکردبوو.
وتەبێژی دەزگای دادی ڕێژیمیش دانی بەوەدا ناوە کە تا ئێستا سەدان دۆسییەی لەم شێوەیە پێک هاتووە و لانیکەم ٢٦٢ مڵکی هاووڵاتییان لە ئێران زەوت کراون.
چاودێرانی سیاسی ئەم هەنگاوە دزێوە وەک ئامرازێکی نوێی تێرۆری دارایی لەپاڵ سزاکانی تری ڕێژیم لێک دەدەنەوە، کە نیشانەی ڕوونی دۆشداماویی تاران لە بەرامبەر ئیرادەی گەلانە.