کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆناڵد ترامپ: پڕۆژەی ئازادی بۆ ماوەیەکی کورت ڕادەگیرێت

08:15 - 16 بانەمەڕ 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، سێشەممە ١٥ی بانەمەڕ، ڕایگەیاند کە "پڕۆژەی ئازادی" بۆ ماوەیەکی کورت ڕادەگیرێت. ترامپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەگەڵ تاران دراوە.

سەرۆککۆماری ئەمریکا هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ چەند خاڵێک، لەوانە: "داواکاریی وڵاتی پاکستان و چەند وڵاتێکی دیکە، ئەو سەرکەوتنە سەربازییە گەورانەی کە لە کاتی هەڵمەتەکان دژی کۆماری ئیسلامی بەدەست هاتوون و هەروەها هەبوونی پێشکەوتنی بەرچاو لە دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر و کۆتایی لەگەڵ نوێنەرانی ڕێژیمی ئێران" گەڕاندەوە.

ترامپ جەختی لەوە کردەوە کە هەردوو لایەن لەسەر ڕاگرتنی کاتیی ئەم پڕۆژەیە ڕێک کەوتوون، بەڵام جەختی کردەوە کە گەمارۆی دەریایی بە شێوەیەکی تەواو و کاریگەر بەردەوام دەبێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە ئەم ڕاگرتنە کاتییە تەنیا بۆ ئەوەیە تا بزانرێت ئایا ڕێککەوتنەکان دەگەنە قۆناغی کۆتایی و واژۆکردن یان نا، لە کاتێکدا گوشارەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی هەر وەک خۆیان دەمێننەوە.