کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مایک واڵتز: کۆماری ئیسلامی لەبەر بێدەسەڵاتی بەدوای ڕێککەوتندا دەگەڕێت

08:56 - 16 بانەمەڕ 2726

مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند دۆناڵد ترامپ بە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی، هاوکێشەی گەرووی هۆرمۆزی پێچەوانە کردووەتەوە و ڕێژیمی ئێرانی خستووەتە دۆخێکی نالەبارەوە.

واڵتز جەختی کردەوە کۆماری ئیسلامی بەهۆی داڕمانی بەهای تمەن، نەمانی پاشکەوتی دراوی بیانی و پەککەوتنی هەناردەی نەوت، ئێستا لەوپەڕی بێدەسەڵاتیدا هەوڵی گەیشتن بە ڕێککەوتن دەدات.

بە وتەی واڵتز، تاران گەیشتووەتە ئاستێک کە توانای دابینکردنی مووچەی هێزە سەربازییەکان و فەرمانبەرانی دەوڵەتی نەماوە.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە هاوکاریی وڵاتانی کەنداو، ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکیان بۆ شورای ئەمنییەت ئامادە کردووە کە داوای پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی و هەڕەشەی سزای قورستر لە تاران دەکات.

باڵیۆزی ئەمریکا هەروەها بەشداریی کۆماری ئیسلامی لە کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی بە "شەرمەزاری" ناوبرد و جەختی کردەوە کە ڕێژیم ناتوانێت بە تێکدانی ئەمنییەتی دەریایی و وەرگرتنی باج لە کەشتییەکان، وڵامی قەیرانە نێودەوڵەتییەکانی بداتەوە.