وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ١٥ی بانەمەڕ، ڕایگەیاند کە بە فەرمانی دۆناڵد ترامپ، واشنگتۆن بە هاوکاریی بەحرەین و هاوبەشەکانی لە کەنداو، ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکیان بۆ شورای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادە کردووە.
ئەم بڕیارنامەیە بە مەبەستی بەرگریکردن لە ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هۆرمۆز داڕێژراوە و وڵاتانی عەرەبستان، ئیمارات، کوەیت و قەتەر تێیدا بەشدارن.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە کە کۆماری ئیسلامی بە هەوڵەکانی بۆ داخستنی گەرووی هۆرمۆز، مینڕێژکردنی دەریا و داواکردنی باج لە کەشتییە بازرگانییەکان، ئابووریی جیهانی بە بارمتە گرتووە.
ڕەشنووسی بڕیارنامەکە تاران پێبەند دەکات کە دەستبەجێ هێرشەکان، مینڕێژکردن و وەرگرتنی باج ڕابگرێت و داواش دەکات شوێن و ژمارەی ئەو مینانە ئاشکرا بکات کە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا چاندوونی.
ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەم بڕیارنامەیەدا هەڕەشەی زیادکردنی سزاکانیان کردووە ئەگەر تاران مل بۆ داواکارییەکان نەدات.
واشنگتۆن هیوادارە لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەم بڕیارنامەیە بخرێتە دەنگدان و پشتیوانییەکی بەرفراوانی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت، تاوەکوو ڕێڕەوێکی مرۆیی بۆ هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆزدا بکرێتەوە.