کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا داوای هەنگاوی کردەیی دژی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق دەکات

09:25 - 16 بانەمەڕ 2726

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە واشنگتۆن چاوەڕوانە سەرۆک‌وەزیرانی نوێی عێراق هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ ئەوەی دامەزراوە دەولەتییەکان لەژێر هێژموونی گرووپە چەکدارە نزیک لە ئێران دەربهێنێت.

واشنگتۆن هۆشداری دەدات کە بەبێ بڕینی مووچە و بودجەی ئەم میلیشیایانە، هاوکارییە دارایی و ئەمنییەتییەکان بۆ عێراق دەست پێ ناکەنەوە.

ئەم بەرپرسە ئەمریکاییە ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە دەوڵەتی نوێی بەغدا، ئەو گرووپانەی کە بە "میلیشیا تێرۆریستییەکان" ناوی بردوون لە نێو دامودەزگاکانی دەوڵەتدا پاک بکاتەوە، چونکە لە ئێستادا سنوورێکی لێڵ لە نێوان دەوڵەت و ئەو گرووپانەدا هەیە.

 ئەم گوشارانە لە کاتێکدایە کە هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار لە عێراق "عەلی زەیدی" وەک کاندیدی سەرۆکوەزیران دەستنیشان کردووە و دۆناڵد ترامپیش پشتیوانی لی کردووە.

هەروەها باس لەوە کرا کە لە کاتی دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران ، زیاتر لە ٦٠٠ هێرش کراوەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق. هەرچەندە هێرشەکان لە ناوەڕاستی عێراق بەهۆی ئاگربەستەوە کەم بوونەتەوە، بەڵام ئەمریکا نیگەرانە لەوەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان هێشتا بەردەوامن.

جێی باسە واشنگتۆن پێشتر وەک کاردانەوە، ناردنی دۆلار و بەشێک لە هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ عێراق ڕاگرتووە.