کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی وڵاتانی عەرەبی لە پەرەپێدانی هێژموونی ئێران لە ناوچەکەدا

09:29 - 16 بانەمەڕ 2726

وڵاتانی عەرەبیی کەنداو بە توندی نیگەرانن لەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران سوود لە دوودڵی و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەبینێت بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێت. بەرپرسانی ئەم وڵاتانە پێیان وایە کە تاران لەم بۆشایییە ئەمنییەتییەدا هەوڵەکانی بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە چڕتر کردووەتەوە.

ڕۆژنامەی "واڵ ستریت ژوورناڵ" لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە وڵاتانی کەنداو هەست دەکەن واشنگتۆن وەک پێویست پێبەند نییە بە پاراستنی ئەمنییەتی هاوپەیمانەکانی، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ڕێژیمی ئێران بوێرتر بێت لە ئەنجامدانی جووڵە سەربازییەکانی لە گەرووی هۆرمۆز و دەریای عوماندا.

ئەم وڵاتانە ترسی ئەوەیان هەیە کە هەر جۆرە پاشەکشەیەکی زیاتری ئەمریکا، دەستی تاران بۆ دەستێوەردانی زیاتر و بەکارهێنانی کارتی وزە وەک گوشارێکی سیاسی ئاوەڵا بکات.

سەرچاوە دیپڵۆماسییەکان جەخت دەکەنەوە کە ئەم دۆخە وای کردووە وڵاتانی ناوچەکە پێداچوونەوە بە سیاسەتە ئەمنییەتییەکانیاندا بکەن.

لە کاتێکدا کە ئەمریکا زیاتر جەخت لەسەر بژاردەی دیپلۆماسی دەکاتەوە، وڵاتانی عەرەبی داوای هەڵوێستێکی پێداگرتر و کردەییتر دەکەن بۆ ڕاگرتنی پەرەپێدانی هەژموونی ئێران، کە ئێستا بەهۆی کۆنترۆڵکردنی ڕێڕەوە ئاوییەکان و بەرنامە ناوکییەکەیەوە، بووەتە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەتی نێودەوڵەتی.