ئاڵۆزییەکانی گەرووی هۆرمۆز چڕتر بووەتەوە و شیرکەتی فەڕانسەیی "CMA CGM" ڕایگەیاند کە کەشتیی "سان ئەنتۆنیۆ" لە کاتی تێپەڕین لە گەرووەکە بە مووشەک کراوەتە ئامانج.
بەپێی ڕاپۆرتی "سیبیئێس نیوز"، مووشەکەکە لە جۆری کرووزی زەوی-بۆ-دەریا بووە و بەهۆیەوە چەندین خەدەمەی فلیپینی بریندار بوون.
هاوکات ناوەندی بازرگانیی دەریاییی بریتانیا ئاشکرای کردووە کە لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا چوار هێرشی جۆراوجۆر لە ناوچەکەدا تۆمار کراون.
لەلایەکی دیکەوە، شیرکەتی "HMM"ی کۆرەی باشوور ڕایگەیاند کە یەکێک لە کەشتییەکانیان دوای هێرشی کۆماری ئیسلامی و ئاگرکەوتنەوە، بە کەشتیی ڕاکێشەر بەرەو بەندەرەکانی دوبەی دەگوازرێتەوە.
کۆماری ئیسلامی پێشتریش هەڕەشەی داخستنی گەرووی هۆرمۆز و هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی کردبوو و ئێستا بە زیادبوونی هێرشە مووشەکییەکان و مینڕێژکردنی ئاوە نێودەوڵەتییەکان، ئەمنییەتی ئابووریی جیهان کەوتووەتە مەترسییەوە.