سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج مانگ بەسەر دەستبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "ئیبراهیم مەردانی"، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، ناوبراو هێشتا بە شێوەی ناڕوون لە بەندیخانەی ئەو شارەدا ڕاگیراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، ئیبراهیم مەردانی لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە مافی دەستڕاگەییشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە و لە گرتووخانەی ئیتلاعاتدا بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، خراوەتە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە.
هەر بەپێی زانیارییەکانی کوردپا، ناوەندی ئیتلاعاتی بۆکان ڕێگری لە ئازادبوونی کاتیی مەردانی بە دانانی بارمتە دەکات.
ئیبراهیم مەردانی شەوی ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٤، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەستبەسەر کرا و دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان گوازرایەوە، بەڵام تا ئێستا هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی، بە ناڕوونی ماونەتەوە.
ئیبراهیم مەردانی پێشتریش لە بانەمەڕی ١٤٠٤دا تەنیا بەهۆی ئەوەی میوانانی ئاهەنگی هاوسەرگیریی کوڕەکەی "جلوبەرگی کوردیی خاکی"یان پۆشیبوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ڕفێندرابوو.
ناوبراو هەروەها لە ساڵی ١٣٩٨یشدا بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیم دەستبەسەر و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە بۆ زیندانی بۆکان گوازرابوو.