کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داخرانی کارخانەکان و نەدانی مووچەی کرێکاران قەیرانی بژێویی لە ئێرانی قووڵتر کردووەتەوە

10:01 - 16 بانەمەڕ 2726

قەیرانی ئابووری لە ئێران گەیشتووەتە قۆناغێکی سەخت و ڕاپۆرتەکان باس لە شەپۆلێکی نوێی داخستنی کارخانەکان و بێکاربوونی کرێکاران دەکەن.

 بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان و نەبوونی مادەی خاو، بەشێکی زۆر لە یەکە پیشەسازییەکان لە شارۆچکە جیاوازەکاندا چالاکییەکانیان ڕاگرتووە، ئەمەش گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر ژیانی بنەماڵەکان.

هاوکات لەگەڵ داخستنی کارخانەکان، کێشەی نەدانی مووچە و بڕینی بیمەی کرێکاران بووەتە دیاردەیەکی گشتی. ئەم دۆخە لە کاتێکدایە کە بەهای تمەن بەردەوام لە دابەزیندایە و کەمترین مووچەی مانگانە بۆ خوار ٩٠ دۆلار دابەزیوە، کە بە هیچ شێوەیەک وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی ژیان نییە.

لە لایەکی دیکەوە، نرخی خۆراک و کاڵا سەرەکییەکان بە جۆرێک گران بووە کە هێزی کڕینی خەڵک بە تەواوی لاواز بووە. هاووڵاتییان دەڵێن گرانبوونی ڕۆژانەی پێداویستییە سەرەتاییەکان بووەتە بارێکی تاقەتپڕوکێن و تێکچوونی باری بژێوی، نیگەرانییەکی قووڵی لە نێو کۆمەڵگەدا دروست کردووە.