بەرپرسانی فریاگوزاری لە ئێران ڕایانگەیاند، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە لە کۆمەڵگەی بازرگانیی "ئەرغەوان" لە شارۆچکەی شەهریاری سەر بە پارێزگای تاران، ١١ کەس گیانیان لەدەست دا و ٤٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەم ئاگرکەوتنەوەیە کە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ڕووی دا، بەهۆی کەرەستەی بەکارهاتوو لە نمای باڵەخانەکەدا، بە خێرایی تەشەنەی سەند و تەواوی نهۆمەکانی ئەو کۆمەڵگە بازرگانییەی گرتەوە.
ئەم باڵەخانەیە زیاتر لە ٢٥٠ یەکەی بازرگانی، چەندین یانەی وەرزشی و ٥٠ یەکەی کارگێڕی لەخۆ گرتبوو، کە بەهۆی ئەم ڕووداوەوە زیانێکی زۆری ماددی و گیانیی لێ کەوتووەتەوە.
ئێستا هۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکە و ناسینی کەمتەرخەمانی ئەم کارەساتە ڕوون نەکراوەتەوە.