نزیکەی ١٥٠ کرێکاری دەرکراوی فازی دووی پاڵاوگەی گازی ئیلام، بەهۆی دەرکرانیان لە سەر کار و پشتگوێخستنی داواکارییەکانیان، لە بەرامبەر بینای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاری ئەو پارێزگایە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ڕێک خست.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "هێرانا"، ئەم کرێکارانە کە سەر بە شیرکەتی پەیمانکاری "جیهانپارس" بوون، داوای گەڕانەوەی دەستبەجێ بۆ سەر کارەکانیان و دیاریکردنی دۆخی پیشەیییان دەکەن.
هێرانا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم کرێکارانە خەڵکی خۆجێیی ناوچەی "چوار"ی سەر بە پارێزگای ئیلامن و بە تێکڕا ٤ تا ٥ ساڵ ئەزموونی کارکردنیان هەیە.
یەکێک لە کارگەرە ناڕازییەکان ڕایگەیاندووە کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا هیچ بەرپرسێکی ڕێژیم وڵامی پێ نەداونەتەوە و کرێکارەکان لە دۆخێکی خراپی ئابووریدا بۆ دابینکردنی بژێوی بنەماڵەکانیان بە جێ هێڵدراون.
ناڕەزایەتیی کرێکارانی پاڵاوگەی گازی ئیلام نیشانەی قەیرانێکی قووڵی بێکاری لە کوردستان و ئێراندایە، کە تێیدا پڕۆژە پیشەسازییە گەورەکان سوودێکی ئەوتۆیان بۆ خەڵکی کورستان نییە.