کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی مانگانەی یەکیەتیی لاوان سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

11:24 - 16 بانەمەڕ 2726

کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕاپۆرتی مانگی ئاپریلی خۆی سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ و شەپۆلی نوێی سەرکوتەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بڵاو کردەوە.

 بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لەم مانگەدا شەپۆلێکی بەرفراوانی ڕەشبەگیری و جێبەجێکردنی سزای سێدارە شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە.

لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، لانیکەم ٢٠ هاووڵاتیی کورد لە شارە جیاوازەکان بە تۆمەتی جۆراوجۆر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە سزای سێدارە بەسەر ١٠ هاووڵاتیی کورددا سەپێندراوە. تەنیا لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا، ٣ لاوی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" لەسێدارە دراون.

 ناسر بەکرزادە و یەعقوب کەریمی‌پوور لە ٢ی مەی و "مێحراب عەبدوڵڵازادە" لە ٤ی مەی، لە کاتێکدا لەسێدارە دراون کە لە مافی هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون.

کۆمیتەی مافی مرۆڤی لاوان جەخت دەکاتەوە کە ئەم ئامارانە لە کاتێکدا تۆمار کراون کە هێڵی ئینتێرنێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پچڕاوە و پەیوەندییەکان زۆر ئەستەم بوون. ئەم ناوەندە نیگەرانیی جیددیی خۆی بەرامبەر بە دەستپێکردنەوەی شەپۆلی سێدارە، ڕەشبەگیری و سانسۆری توندی زانیارییەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕادەگەیەنێت.