کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی نالەباری ٣٠ زیندانیی سیاسیی ژن لە بەندیخانەی وەکیل‌ئابادی مەشهد

11:25 - 16 بانەمەڕ 2726

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان،  لانیکەم ٣٠ ژن کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار و شەپۆلی دەستبەسەرکردنەکانی دوای ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا و ئیسرائیل دەستبەسەر کرابوون، لە بارودۆخێکی زۆر نالەباردا لە بەندیخانەی وەکیل‌ئابادی مەشهد ڕاگیراون.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "هێرانا"، ٢٣ کەس لەم ژنانە لە بەندی "ئارامش" و ٧ کەسی دیکەیان لە بەشی "قەرەنتینە"ی ئەم بەندیخانەیەدا لەژێر گوشارێکی زۆردان.

هێرانا لە زاری زیندانییەکی تازە ئازادکراوەوە بڵاوی کردووەتەوە کە بەندی ئارامش لە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی وەک تەهویە، کەرەستەی تەندروستی، ئاودەست، حەمام و تەنانەت تەختی خەوتن بێبەشە.

پێشتر ئەم بەندە وەک شوێنێکی سزادان بۆ زیندانییانی تاوانە مەترسیدارەکان بەکاردەهات، بەڵام ئێستا زیندانییانی سیاسی بە شێوەیەکی ناڕوون تێیدا ڕاگیراون.

ئەم دۆخە نالەبارە و بێبەشکردنی زیندانییانی سیاسی لە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان، نیگەرانیی زۆری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی لێ کەوتووەتەوە.

بەکارهێنانی ئەو بەندانە بۆ ڕاگرتنی چالاکانی سیاسی، بەشێکە لە سیاسەتی گوشار و ئەشکەنجەی دەروونیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر دەستبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکان و قۆناغی شەڕ.