کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاکسیۆس: ئەمریکا و ئێران لە ڕێککەوتنێکی نوێی "یەک لاپەڕیی'' نزیک بوونەوە

15:55 - 16 بانەمەڕ 2726

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" کە ئەمڕۆ چوارشەممە ١٦ی بانەمەڕ بڵاو کراوەتەوە، بەرپرسانی کۆشکی سپی ئاشکرایان کردووە کە تاران و واشنگتۆن لە گەیشتن بە تێگەیشتنێکی سەرەتایی یەک لاپەڕەیی بۆ ڕاگرتنی شەڕ و دیاریکردنی چوارچێوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان نزیک بوونەتەوە.

خاڵە سەرەکییەکانی تێگەیشتنە نوێیەکە بریتییە لە ڕاگەیاندنی کۆتاییهێنان بە ململانێ سەربازییەکان و دیاریکردنی ماوەی ٣٠ ڕۆژ بۆ دانوستانی ورد لە ئیسلام ئاباد یان ژێنێڤ.

ئێران پێبەند دەبێت بە ڕاگرتنی پیتاندنی ئۆرانیۆم بۆ ماوەیەکی درێژخایەن (کە لە نێوان ١٢ بۆ ١٥ ساڵ مەزەندە دەکرێت) و ڕێگەدان بە پشکنینی توندی نێودەوڵەتی.

لە بەرامبەردا، ئەمریکا گەمارۆکان کەم دەکاتەوە و میلیاردها دۆلار لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد دەکات.

هەروەها کەمکردنەوەی سنووردارکردنی هاتوچۆی دەریایی لە لایەن هەردوولاوە و هەڵپەساردنی ئۆپەراسیۆنی "پڕۆژەی ئازادی" ئەمریکا.

ئاکسیۆس ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمە نزیکترین کاتە بۆ ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات لە دوای دەستپێکردنی گرژییەکان.

مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوە ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە پێویست ناکات هەموو ڕێککەوتنەکە لە یەک ڕۆژدا کۆتایی بێت. چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا ئێران وڵامی کۆتایی لەسەر چەند تێبینییەکی سەرەکی بداتەوە.

ئیسماعیل بقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم لەوبارەوە بە هەواڵدەریی "ئیسنا"ی ڕاگەیاند: "پڕۆژە و پێشنیارەکەی ئەمریکا لە لایەن ئێرانەوە هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و ئێران دوای کۆبەندی، سەرنج و تێبینییەکانی خۆی بۆ لایەنی پاکستانی دەگوازێتەوە."