کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو بەرهەمی نوێ لە بواری فەلسەفەی مێژووی کورددا بڵاو کرانەوە

16:12 - 16 بانەمەڕ 2726

کوردستان میدیا: دوو کتێبی نوێ کە بە دیدێکی فەلسەفی و مێژوویی شیکاری بۆ ڕەهەندە هزرییەکانی کوردایەتی و کارەساتە نەتەوەییەکان دەکەن، هاتنە نێو کتێبخانەی کوردییەوە. ئەم دوو بەرهەمە لە نووسینی شاهۆ حوسێنی، توێژەری فەلسەفە، لە دوو گۆشەنیگای جیاوازەوە (سوبژەکتیڤیزم و ئۆبژەکتیڤیزم) تیشک دەخەنە سەر قۆناغە هەستیارەکانی مێژووی کورد و هەوڵ دەدەن لە دەرەوەی گێڕانەوە کلاسیکییەکان، بنەما هزرییەکانی تێکۆشان و تراژیدیاکانی کوردستان شەنوکەو بکەن.

لێرەدا کورتەیەک لە نێوەرۆکی هەر دوو بەرهەمەکە دەخەینە ڕوو:

١. مێژووی سوبژەکتیڤیزم و گەوهەری هزریی کۆمەڵەی ژ-ک

مێژووی سوبژەکتیڤیزم باسێکی ئینتزاعی و دابڕاو لەمەڕ قوتابخانەیەکی فەلسەفی نییە، هەر بەم شێوەیەش خوێندنەوەیەکی مێژوویی کلاسیک لەمەڕ پێکهاتە و ڕێکخراوەیەکی نەتەوەیی کوردی نییە. ئەم بەرهەمە لە دەلاقەی سوبژەکتیڤیزمەوە بە هەناو، ڕەگ و گەوهەری هزری ڕێکخراوەیەکی کوردیدا ڕۆدەچێت و تیشک دەخاتە سەر دەروونی زەین و ئەندێشەی ڕێکخراوەیەکی کوردی. بەم شێوەیە هەوڵ دەدرێت ناسنامە و پاساوی زەینی و مەعریفی نەتەوەیی بوون، کورد بوون و شێوازناسی تێکۆشان و چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوەیە دەربخرێت. لەم بەرهەمەدا کوردایەتی، کورد و نەتەوەیی بوون دەلاقەیەکی هزری و فەلسەفییان بەڕوودا دەکرێتەوە و لە فامی عورفیی ڕواڵەتی تێدەپەڕێت؛ بەکورتی هەوڵ دەدرێت گەوهەری هزری و ڕەچەی فەلسەفیی کۆمەڵەی ژ-ک دەربخرێت.

٢. مێژووی ئۆبژەکتیڤیزم و شیکاریی تراجێدیای مەهاباد

مێژووی ئۆبژەکتیڤیزم بە تیشک خستنە سەر کارەساتێکی مێژوویی و خوێناوی کوردستان (کوژرانی دە هەزار شارۆمەندی سیڤیل لە شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستی سوپای ڕووسیە)، دەور و نەخشی ئایدۆلۆژی و ئەندێشەی دەرەکی لە خولقاندنی تراژیدیا لە کوردستان دەگێڕێتەوە. ئەم بەرهەمە لە دەلاقەی ئەندێشەی فەلسەفیی ئۆبژەکتیڤیزمدا هەوڵ دەدات خەساری غیابی ئەندێشە و هزری کوردانە لە بەکەرەسەگرتنی کورد و بەقوربانیکردنی کورد لە خزمەت ئەندێشە و ئایدایەکی دەرەکیدا شی بکاتەوە. لە ڕاستیدا ئایین ئەو ڕایەڵە بوو کە کوردی لە بەرژەوەندییە ناکوردانەکانی عوسمانیدا گرێ داوە و کوردی کردووە بە دەستەچیلەی ئاگری شەڕی بەرژەوەندیی ڕووسیە و عوسمانی، لە کاتێکدا کورد لە هیچ شوێنێکی ئەم بەرژەوەندییەدا بوونی نەبوو.