کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەحرەین و ئیمارات لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای هەڵوێستی توند دژی ئێران دەکەن

17:30 - 16 بانەمەڕ 2726

نوێنەرانی بەحرەین و ئیمارات لە نەتەوە یەکگرتووەکان، پێش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی نهێنی شورای ئەمنییەت، ڕێژیمی ئێرانیان بە تێکدانی سەقامگیری و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان تۆمەتبار کرد.

"جەماڵ فارس ئەلڕوێعی"، نوێنەری هەمیشەیی بەحرەین لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاندووە کە هێرشەکانی ئێران پێویستی بە "وڵامێکی یەکلاکەرەوە و توند" لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە هەیە.

هاوکات "محەممەد ئەبوشەهاب"، نوێنەری ئیمارات، ئاماژەی بەوە کرد کە تاران "ڕێگەی پەرەپێدانی گرژییەکانی" هەڵبژاردووە و پێبەندنەبوونی بە بڕیارە نێودەوڵەتییەکان بە تەواوی ئاشکرایە.

ئەبوشەهاب جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر پێشێلکردنی بڕیارنامەکانی شورای ئەمنییەت بەرپرسیار بکرێت.

ناوبراو ئێرانی بە "باج وەرگرتن لە ئابووری جیهانی" تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند کە کارە تێکدەرەکانیان لە گەرووی هۆرمۆز کاریگەری نەرێنی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕەکانی وزە دروست کردووە.

ئەم هەڵوێستانەی وڵاتانی کەنداو لە کاتێکدایە کە شورای ئەمنییەت بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر ئیمارات و دۆخی ئەمنییەتی دەریایی لە کۆبوونەوە دایە و ئەمەش گوشارە دیپلۆماسییەکان بۆ سەر تاران لە ئاستی جیهانیدا زیاتر دەکات.