فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند، کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانییان بە ناوی "ئێم تی حوسنا" لە کاتی پێشێلکردنی گەمارۆ دەریاییەکانی سەر بەندەرەکانی ئێران، لە دەریای عوماندا کردووەتە ئامانج.
بەپێی ڕاپۆرتی سێنتکام، ئەم نەوتهەڵگرە سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی بانەمەڕ، دوای چەندین ئاگادارکردنەوە و گوێنەدان بە هۆشدارییەکانی هێزەکانی ئەمریکا، لەلایەن فڕۆکەیەکی جەنگییەوە پێکراوە.
سێنتکام ئاشکرای کردووە کە فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری (F-18) کە لەسەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکۆڵن"ەوە فڕیوە، بە گولـلەی ٢٠ میلیمێتری، فەرمانی کەشتییەکەی پەکخستووە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەم کەشتییە بەتاڵ بووە و ویستوویەتی بەرەو بەندەرەکانی ئێران بڕوات، بەڵام دوای هێرشەکە لە جووڵە کەوتووە و چیتر ناتوانێت بەرەو سنوورە ئاوییەکانی ئێران بڕوات.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی گەمارۆیەکی دەریایی تونددایە کە ئەمریکا بەسەر ئێراندا سەپاندوویەتی؛ تا ئێستا ئەرتەشی ئەمریکا ڕێگریی لە ٥١ کەشتی و بەلەمی جۆراوجۆر کردووە کە ویستوویانە بەرەو ئێران بڕۆن یان لەوێوە بێنە دەرەوە.