کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە دەوروبەری ئێران

08:45 - 17 بانەمەڕ 2726

نەخشەیەکی گرافیکیی نوێ کە لەلایەن "فاکس نیوز"ەوە بڵاو کراوەتەوە، نیشانی دەدات کە هێزی دەریایی ئەمریکا بە چڕی لە دەوروبەری سنوورە ئاوییەکانی ئێران جێگیر بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی فاکس نیوز، هەرچەندە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یوو ئێس ئێس جێراڵدفۆرد" ناوچەکەی جێ هێشتووە، بەڵام کەشتیی جەنگیی "یوو ئێس ئێس باکسەر" لە ڕێگەی ئۆقیانووسی هیندەوە بەرەو دەریای عەرەب لە جووڵەدایە، ئەمەش وەک گۆڕینی ستراتێژیی هێزەکان لێک دەدرێتەوە نەک کەمکردنەوەیان.

فۆکس نیوز ئاشکرای کردووە کە نەخشە نوێیەکە چڕبوونەوەی ناوشکێنە مووشەکهاوێژەکان و کەشتییەکانی پشتیوانی لە ناوچە هەستیارەکانی وەک کەنداو، دەریای عومان، دەریای سوور و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست نیشان دەدات.

ژمارەیەکی زۆر لە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە نزیک گەرووی هۆرمۆز بۆ چاوەدێریکردنی وردی جموجۆڵە سەربازییەکانی تاران جێگیر کراون.

ئەم ئامادەییە سەربازییە بەردەوامەی واشنگتۆن لە کاتێکدایە کە ئەمریکا گەمارۆیەکی دەریاییی توندی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران.

شرۆڤەکارانی نیزامی پێیان وایە جێگیرکردنی ئەم هێزە گەورەیە هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی وتووێژە ئەتۆمییەکان، پەیامێکی ڕوونی هێزە بۆ تاران تا بزانێت کە بژارەی سەربازی و گەمارۆی ئابووری وەک ئامرازێکی گوشار هێشتا لەسەر مێزی واشنگتۆن ماونەتەوە.