ئەرتەشی ئیسرائیل ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، لە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەی زاحیە لە باشووری بەیرووت کە لەژێر دەسەڵاتی حیزبوڵڵادایە، فەرماندەی یەکەی نوخبەی ''ڕیزوان''ی ئەو گرووپەی کردە ئامانج.
ئەمە یەکەم هێرشە بۆ سەر دەوروبەری بەیرووت لە دوای ئەو ئاگربەستەی کە لە ٢٧ی خاکەلێوە لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا ڕاگەیەندرا، هەرچەندە پێکدادانەکان لە باشووری لوبنان نەوەستاون.
لە بەیاننامەیەکی هاوبەشی بێنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یێسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریدا هاتووە: ''چەکدارانی ڕیزوان بە ڕێبەرایەتی ئەم فەرماندەیە، بەرپرسیار بوون لە تەقەکردن لە ناوچە نیشتەجێبووەکانی ئیسرائیل و زیانگەیاندن بە هێزەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل.''
هەواڵدەریی فەرانسە لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە حیزبوڵڵاوە ڕایگەیاند کە فەرماندەیەکی باڵای یەکەی ڕیزوان بەناوی مالک بەلووت لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر زاحیە کوژراوە.
حیزبوڵڵا کە لەلایەن ئەمریکاوە وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناسراوە، هێشتا بە شێوەیەکی فەرمی کوژرانی ئەم ئەندامە باڵایەی خۆی پشتڕاست نەکردووەتەوە.