فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی گەمارۆیەکی گشتگیردا، تا ئێستا هێزە دەریایییەکانیان فەرمانیان بە ٥٢ کەشتیی بازرگانی کردووە کە ڕێڕەوی خۆیان بگۆڕن و بەرەو بەندەرەکانی ئێران نەڕۆن.
بەپێی ڕاپۆرتی سێنتکام، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یوو ئێس ئێس جۆرج ئێچ دەبلیوو بوش" لە ئێستادا یەکێکە لەو هێزە سەرەکییانەی کە ئەرکی چاوەدێریکردن و جێبەجێکردنی ئەم گەمارۆ دەریایییەی لە ئەستۆیە.
سێنتکام بە بڵاوکردنەوەی وێنەی کەشتییە جەنگییەکانیان، ئاماژەی بەوە کردووە کە گروپێکی گەورە لە فڕۆکە و کەشتییە مووشەکهاوێژەکان و هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا بەشدارن لەم ئۆپەراسیۆنەدا بۆ ئەوەی گەمارۆکە بە تەواوی جێبەجێ بکرێت.
ئەم هەنگاوەی ئەرتەشی ئەمریکا وەک بەشێک لە ستراتێژیی نوێی واشنگتۆن بۆ بڕینی ڕێڕەوە بازرگانی و ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامی لێک دەدرێتەوە.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە جەختی کردەوە کە سەرەڕای وەستانی کاتیی "پڕۆژەی ئازادی" بۆ کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز، بەڵام گەمارۆی دەریایی بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران بەردەوام دەبێت.
ئەم لێدوانانە نیشان دەدەن کە ئەمریکا سوورە لەسەر بەکارهێنانی هێزی دەریایی وەک ئامرازێکی کاریگەر بۆ گوشارخستنە سەر تاران، تا ئەو کاتەی دەگەنە ئەنجامێکی ڕوون لە هاوکێشە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکەدا.