دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند، لە ئەگەری دەستەبەرکردنی ڕێککەوتنێکی گونجاو، ئێران ئۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی بە ڕێژەی بەرز ڕادەست دەکات تاوەکوو بۆ ئەمریکا بگوازرێتەوە.
ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی "پی بی ئێس" (PBS) وتی: ''ئەم ئۆرانیۆمە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان دەچێت.'' ترامپ ئەوەشی زیاد کرد کە کۆماری ئیسلامی هەروەها ڕازی دەبێت کە چیتر دامەزراوە ئەتۆمییە ژێرزەمینییەکانی خۆی بەکار نەهێنێت.
ترامپ بە ئاماژەدان بەوەی کە شانسێکی زۆر باش بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن هەیە وتیشی: ''ئەگەر ئەمە ڕوو نادات، دەگەڕێینەوە سەر شێوازە کۆنەکانی خۆمان.''
هەروەها ترامپ وتی، ئەگەری کەمە نێردراوە باڵاکانی خۆی، ستیڤ ویتکاف و جێرد کوشنێر، بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئێران بۆ پاکستان بنێرێت.
ڕوونیشی کردەوە: ''پێموایە دەتوانین ئەم کارە هەر لێرە ئەنجام بدەین و ڕەنگە بۆ کۆبوونەوەی کۆتایی، لە شوێنێک مەراسیمی واژۆکردنمان هەبێت.''
ترامپ لە درێژەدا وتی: ''ئەگەر ئەوان ڕازی بن، هەموو شتێک تەواو دەبێت و ئەگەر ڕازی نەبن، بۆردومانیان دەکەین.''