وەزارەتی هێزە چەکدارەکانی فەرانسە ڕایگەیاند کە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ''شارل دو گۆل'' لەگەڵ کەشتییە پاسەوانەکانی، ڕۆژی چوارشەممە لە کاناڵی سۆئێز تێپەڕیوە و بەرەو ناوچەی کەنداو بەڕێ کەوتووە؛ ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ئامادەکارییە بۆ ئەرکێکی ئەگەری بە مەبەستی کردنەوەی ڕێڕەوی کەشتیوانی لە گەرووی هۆرمۆز.
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی بەرگریی فەرانسەدا هاتووە: ''کەشتیی فڕۆکەهەڵگری شارل دو گۆل و کەشتییە هاوڕێکانی ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی بانەمەڕ لە کەناڵی سۆئێز تێپەڕین و بەرەو باشووری دەریای سوور لە جووڵەدان.''
لە بەیاننامەکەدا جەخت کراوەتەوە کە ئەم جێگۆڕکێیە بە مەبەستی زیادکردنی خێرایی کاردانەوە لە ئەگەری دەستپێکردنی ئەرکەکە و دابینکردنی مەرجە پێویستەکان ئەنجام دراوە.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرانسە و کیێر ستارمێر، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا، پێشتر دەستپێشخەرییەکی هاوبەشیان بۆ دابینکردنی ئەمنییەتی کەشتیوانی لە گەرووی هۆرمۆز خستبووە ڕوو.
بە وتەی بەرپرسانی فەرانسەیی، ئەم ئەرکە لە ئەگەری جێبەجێکردنیدا، تەنیا دوای کۆتاییهاتنی پێکدادانەکان دەست پێ دەکات و سروشتێکی ''بێلایەن''ی دەبێت و جیاواز دەبێت لە لایەنە شەڕکەرەکان.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی بەرگریی فەرانسە زیاتر لە ٤٠ وڵات بەشداری لەم پلانەدا دەکەن و هەماهەنگییە سەربازییەکانی لە لەندەن ئەنجام دەدرێن.