بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "بلومبێرگ"، ناوەندی چاوەدێریی دارایی چین داوای لە بانکە گەورەکانی وڵاتەکەی کردووە کە بە شێوەیەکی کاتی پێدانی قەرزی نوێ بە پێنج پاڵاوگەی نێوخۆیی ڕابگرن کە بەهۆی کڕینی نەوتی ئێرانەوە لەلایەن ئەمریکاوە سزادراون.
بلومبێرگ ئاماژەی بەوە کردووە کە "ئیدارەی میلـلی ڕێکخستنی ڕێساکانی دارایی" چین داوای لە بانکەکان کردووە بە وردی پێداچوونەوە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکدا بکەن، کە گەورەترینیان کۆمپانیای پترۆشیمیی "هێنگلی" چینە.
ئەم بڕیارەی پێکەن دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە ٤ی بانەمەڕدا، گەمارۆی نوێی خستە سەر ئەو پاڵاوگە چینییانەی کە کڕیاری نەوتی ئێرانن و هۆشداریشی دایە بانکەکان کە لە ئەگەری ئەنجامدانی مامەڵەی دارایی لەگەڵ تاران، ڕووبەڕووی سزای توند دەبنەوە.
مارکۆ ڕووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لەمبارەیەوە ڕایگەیاندووە کە ئەگەر چین ئەم گەمارۆیانە پشتگوێ بخات، واشنگتۆن بژارەی دیکەی وەک "سزای دووەمی" بەکاردەهێنێت و جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوانە تەنیا بۆ مەبەستی سیمبۆلی نین.
جێی ئاماژەیە کە بانکە چینییەکان ڕاسپێردراون تا کاتێکی نادیار هیچ قەرزێکی نوێ بە دراوی "یوان" بەو پاڵاوگانە نەدەن، هەرچەندە فەرمانیان پێکراوە کە قەرزە کۆنەکانیان لێ وەرنەگرنەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە بڕیارە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە ڕۆژانی ٢٤ و ٢٥ی ئەم مانگەدا سەردانی پێکەن بکات، کە چاوەڕوان دەکرێت پرسی نەوتی ئێران و گەمارۆ دەریاییەکان تەوەرە سەرەکییەکانی ئەو دیدارە بن.