کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واڵ‌ستریت ژوورناڵ: مەرجی سەرەکیی ئەمریکا بردنە دەرەوەی تەواوی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێرانە

10:05 - 17 بانەمەڕ 2726

ڕۆژنامەی "واڵ‌ستریت ژوورناڵ" لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان واشنگتۆن و تاران، ئاشکرای کردووە کە یەکێک لە مەرجە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە هەر چەشنە ڕێککەوتنێک، ڕەوانەکردنی تەواوی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێرانە بۆ دەرەوەی وڵات.

بەپێی ڕاپۆرتی "واڵ‌ستریت ژوورناڵ"، واشنگتۆن ئەم داواکارییەی وەک "هێڵی سوور" دیاری کردووە و جەختی لەسەر جێبەجێکردنی کردووەتەوە.

ئەو ڕۆژنامەیە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم مەرجە تەنیا ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ئاستی باڵای ٦٠ لەسەد و ٢٠ لەسەد ناگرێتەوە، بەڵکوو دەبێت "تەواوی" کۆگاکانی ئۆرانیۆمی پیتێندراو لە هەموو ئاستەکاندا ڕەوانەی دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بکرێن.

ئەم هەڵوێستە توندەی ئەمریکا نیشانەی ئەوەیە کە واشنگتۆن دەیەوێت هەر چەشنە دەرفەتێکی خێرا بۆ گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی لە تاران بستێنێتەوە و وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ هەر جۆرە نەرمییەک لە گەمارۆکاندا سەیری دەکات.