"گیدئون ساعر"، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای "دی ڤێڵت"ی ئاڵمانی ڕایگەیاند، کە داهاتوو و چارەنووسی سیاسیی ئێران تەنیا گەلان و خەڵکی ئەو وڵاتە بڕیاری لەسەر دەدەن و ئەرکی ئیسرائیل نییە ڕێژیم بگۆڕێت.
ساعر ئاماژەی بەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی بە توندی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی کردووە و بەهۆی کوژران و دەستبەسەرکرانی دەیان هەزار کەس، ئێستا بۆ خەڵک دژوارە بێنەوە سەر شەقام، بەڵام جەختی کردەوە کە "حکوومەتە ستەمکارەکان بۆ هەتاهەتایە نامێننەوە و ئێران بەرەو قەیرانێکی گەورەی ئابووری هەنگاو دەنێت".
سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەش، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل وتی: "ئێمە پاڵپشتی لە هەوڵە دیپڵۆماسییەکانی دۆناڵد ترامپ دەکەین، بەو مەرجەی ئێران تەواوی ئۆرانیۆمی پیتێنراو لە وڵات بباتە دەرەوە و چیتر پیتاندن ئەنجام نەدات".
ناوبراو هۆشداری دا کە تاران بە هەڵە وا دەزانێت چەکی ئەتۆمی مانەوەی ڕێژیمەکەی مسۆگەر دەکات.
لە کۆتاییدا ساعر ئاماژەی بەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی تەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەر ئیسرائیل، بەڵکوو هەڕەشەیە بۆ سەر تەواوی وڵاتانی ناوچەکە و جیهانی ئازاد، نموونەی ئەوەشی بە هێرشەکانی تاران بۆ سەر ئیمارات هێنایەوە کە بووەتە هۆی نزیکبوونەوەی زیاتری ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی.