لەکاتێکدا ئەرتەشی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە هێرشی کردووەتە سەر چەند پێگەیەکی سەربازی لە نێوخۆی ئێراندا، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێشتا ئاگربەست بەردەوامە.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، فەرماندەیی ناوەندیی ئەرتەشی ئەمریکا لە ناوچەکە (سێنتکام)، ڕایگەیاند کە چەند پێگەیەکی سەربازییان لە نێوخۆی خاکی ئێراندا کردووەتە ئامانج.
سێنتکام ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هێرشانە وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ بە ئامانجگرتنی ئەو کەشتییە شەڕکەرانەی ئەمریکا کە لە گەرووی هۆرمۆزەوە تێپەڕ دەبن.
لە هەمان کاتدا، سێنتکام ڕایگەیاندووە کە ئەوان بەدوای "بەرزکردنەوەی ئاستی گرژییەکان"دا ناگەڕێن و مەبەستیان نییە دۆخەکە ئاڵۆزتر بکەن.
لەم پێوەندییەدا، "دۆناڵد ترەمپ" سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وێڕای ئاماژەدان بەم ڕووداوە ڕایگەیاند: " ئەوان گێچەڵیان پێ فرۆشتین." ترەمپ هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هێشتا ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان هەردوولادا جێگیرە و هیچ زیانێکی پێ نەگەیشتووە.
لە لایەکی دیکەوە، میدیا نێوخۆییەکانی سەر بە سپای پاسداران، هەواڵی بیستنی دەنگی چەندین تەقینەوەیان لە باشووری ئێران بڵاو کردەوە. هەواڵدەریی "فارس" ڕایگەیاندووە کە بەشێک لە ئیسکەلەی "بەهمەن" لە دوورگەی قیشم کراوەتە ئامانج.
ئەم ئاژانسە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ئەنجامی ئاڵوگۆڕی تەقە لە نێوان هێزەکانی ئێران و لایەنی بەرامبەر، زیان بە بەشە بازرگانییەکانی ئەو ئیسکەلەیە گەیشتووە.
هاوکات لەگەڵ ئەم ئاڵۆزییانە، وەزارەتی بەرگریی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، کە وڵاتەکەی لە لایەن ئێرانەوە بە مووشەک و دڕۆن هێرشی کراوەتە سەر و سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە خەریکی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانن.