کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنتکام: ناوگانەکانی ئەمریکا کرانە ئامانج بەڵام هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە

10:36 - 18 بانەمەڕ 2726

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام)، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەرتەشی ئەمریکا لە کاتی تێپەڕبوونی ناوشکێنەکانی هێزی دەریایی ئەم وڵاتە لە گەرووی هۆرمۆز، بەرپەرچی چەند هێرشێکی "بێ پاساوی" کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان داوەتەوە و لە وەڵامی ئەم هێرشانەدا، چەندین ئامانجی سەربازییان لە ێاوخۆی ئێران پێکاوه.

سێنتکام لە بەیاننامەکەیدا وتوویەتی کە ناوشکێنەکانی (یو ئێس ئێس تراکستۆن)، (یو ئێس ئێس ڕافایل پرالتا) و (یو ئێس ئێس مەیسۆن) لە کاتی تێپەڕبوونیان لە گەرووی هۆرمۆزەوە بەرەو دەریای عومان، لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە مووشەک، دڕۆن و بەلەمی خێرا هێرشیان کراوەتە سەر، بەڵام هیچ کام لە کەشتییە ئەمریکاییەکان لەم هێرشانەدا زیانیان بەرنەکەوتووە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەو هەڕەشانەیان لەنێو بردووە و لە ڕێگەی هێرشی پێچەوانەوە، بنکەکانی هاویشتنی مووشەک و دڕۆن، ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ، و هەروەها ناوەندە هەواڵگری و سیخوڕییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان کردووەتە ئامانج.

سێنتکام لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە ئەمریکا بەدوای پەرەپێدانی گرژییەکاندا ناگەڕێت، بەڵام بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بە ئامادەیی دەمێنێتەوە.