کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: ئەگەر ئێران بەخێرایی ڕێککەوتن واژۆ نەکات، گورزی توندتریان لێ دەدەین

10:42 - 18 بانەمەڕ 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە درەنگانێکی شەوی پێنجشەممە ١٧ی بانەمەڕ ڕایگەیاند کە سەرەڕای هێرشە نوێیەکان، ئاگربەست لەگەڵ ئێران هێشتا بەردەوامە.

ترامپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کاناڵی ئەمریکایی (ABC News) ڕایگەیاند کە هێرشەکان بۆ سەر چەند ئامانجێک لە نێوخۆی ئێران تەنیا "وەشاندنی گورزێکی سنووردار" بووە. سەرۆککۆماری ئەمریکا هەروەها زیادی کرد: ''ئاگربەست بەردەوامە و جێگیرە.''

ناوبراو لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: ''سێ ناوشکێنی پلە یەکی ئەمریکایی لە ژێر تەقەدا، بە سەرکەوتنێکی زۆر گەورەوە لە گەرووی هۆرمۆز چوونە دەرێ. هیچ زیانێک بەر ئەو سێ ناوشکێنە نەکەوت، بەڵام زیانێکی زۆر بە هێرشبەرە ئێرانییەکان گەیشت؛ ئەوان لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە بەلەمە بچووکەکانیان بە تەواوی تێکشکێندران.''

سەرۆککۆماری ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا نووسیویەتی: «ئەگەر ئێرانییەکان دەرفەتی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمییان بۆ بڕەخسایە، بێ بچووکترین گومان بەکاریان دەهێنا، بەڵام هەرگیز دەرفەتێکی وەهایان بۆ ناڕەخسێت.''

ترامپ لە کۆتایی پۆستەکەیدا هۆشداری داوە و نووسیویەتی: ''هەروەک چۆن ئەمڕۆ ئێرانییەکانمان تێکشکاند، ئەگەر بە خێرایی ڕێککەوتنەکە واژۆ نەکەن، لە داهاتوودا بە هێز و توندوتیژییەکی زۆر زیاترەوە سەرکوتیان دەکەین.''