کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی چاوەدێری مافەکانی مرۆڤ لەسەر شەپۆلی نوێی لەسێدارەدان لە ئێران

10:44 - 18 بانەمەڕ 2726

ڕێکخراوی چاوەدێری مافەکانی مرۆڤ داوای لە سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە بۆ ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان لە ئێراندا هەنگاوی کردەیی بنێن.

"بەهار سەبا"، توێژەری ئەم ڕێکخراوە، لە ڤیدیۆیەکدا کە ئێوارەی پێنجشەممە ١٧ی بانەمەڕ، لە هەژماری فەرمیی ئەم ناوەندە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" بڵاو کرایەوە، ڕایگەیاند کە تەنیا لە ماوەی مانگ و نیوێکی ڕابردوودا لانیکەم ٢٨ کەس لە ئێران بە تۆمەتی سیاسی لەسێدارە دراون.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەم ڕێکخراوە، ئەم کەسانە هەموویان لە دادگایەکدا مەحکووم کراون کە تێیدا مافە بنەڕەتی و سەرەتاییەکانی تۆمەتباران پێشێل کراوە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدا دانپێدانیان لێ وەرگیراوە.

ڕێکخراوی چاوەدێری مافەکانی مرۆڤ وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران سزای لەسێدارەدان بۆ چاندنی ترس لە نێو کۆمەڵگەدا بەکار دەهێنێت، داوای لە ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە بە شێوەیەکی هاوئاهەنگ گوشار بخەنە سەر ڕێژیمی ئێران تا جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان ڕابگرێت.