کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا جێگری وەزیری نەوتی عێراق و چەند فەرماندەی گرووپە چەکدارەکانی خستە لیستی گەمارۆکانەوە

10:49 - 18 بانەمەڕ 2726

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە جێگری وەزیری نەوتی عێراق و چەند فەرماندەیەکی گرووپە چەکدارەکانی بە تۆمەتی پێوەندی لەگەڵ ئێران و بەشداریکردن لە تۆڕەکانی گواستنەوە و فرۆشتنی نایاسایی نەوت، خستووەتە لیستی گەمارۆکانیەوە.

لە بەیاننامەی ئەم وەزارەتەدا هاتووە کە ئەم بەرپرسە عێراقییە، پێگەی خۆی بۆ ئاسانکاریی تێکەڵکردنی نەوتی عێراق لەگەڵ نەوتی ئێران و فرۆشتنی لە بازاڕە جیهانییەکاندا بە بەکارهێنانی بەڵگەنامەی ساختە، بەکار هێناوە.

واشنگتۆن دەڵێت ئەم پڕۆسەیە دەرفەتی بە تۆڕە پێوەندیدارەکان بە ئێران داوە کە نەوتەکەیان وەک نەوتی پاکی عێراق بفرۆشن.

هاوکات، سێ فەرماندەی باڵای گرووپەکانی "کەتائیبی سەیدولشوهەدا" و "عەسائیبی ئەهلی حەق"یش خراونەتە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکاوە. ئەم گرووپانە وەک هێزە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لە عێراقدا دەناسرێن.

لە بەرامبەردا، وەزارەتی نەوتی عێراق ئەم تۆمەتانەی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند کە ئامادەی هەر جۆرە هاوکارییەکن بۆ لێکۆڵینەوەیەکی بێ لایەنانە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە کە ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی تۆڕە دارایی و نەوتییەکانی سەر بە ئێران ئەنجام دراون؛ بەپێی ئەم بڕیارە، سەرمایەی ئەو کەس و لایەنانە لە ئەمریکا بلۆک دەکرێت و هەر جۆرە مامەڵەیەک لەگەڵیان لە لایەن هاووڵاتییانی ئەمریکاییەوە قەدەغەیە.