کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەنجێکی خەڵکی سەقز بەهۆی تەقینەوەی مین گیانی لەدەست دا

12:26 - 18 بانەمەڕ 2726

ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی بانەمەڕی ١٤٠٥، گەنجێکی کورد بە ناوی "پەیمان ڕەحمان‌پوور" تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی گوندی "خوڕخوڕە"ی سەر بە شاری سەقز، بەهۆی تەقینەوەی مینی پاشماوەی سەردەمی شەڕ گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، ئەم ڕووداوە لە بەرزاییەکانی دەوروبەری گوندی خوڕخوڕە ڕووی داوە و دوای ڕووداوەکە تەرمی ناوبراو بۆ پزیشکی دادوەریی سەقز گواستراوەتەوە.

ئەم کارەساتە لە کاتێکدایە کە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان هێشتا بە مینی چێندراو مەترسییان لەسەرە.

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ناوەندی ئاماری کوردپا، لە ساڵی ١٣٩١ تا کۆتایی ساڵی ١٤٠٤، بە گشتی ٤٨٢ کەسی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوونەتە قوربانیی تەقینەوەی مین و کەرەستە جەنگییەکان.

پاشماوەی مینەکان لە ناوچە شاخاوییەکان و لەوەڕگاکاندا، ساڵانە زیانی گیانی و جەستەیی قەرەبوونەکراوە لە هاووڵاتییان بەتایبەت گەنجان و کۆڵبەران دەدەن.